پەرەگراف- شاندی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق بوو.
شاندەکەی پارتی پاشان لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوەو بڕیارە لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەکانی دیکەش کۆببێتەوە.
لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و دابەشکردنی پۆستەکان بەتایبەت سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، لایەنە کوردییەکان هێشتا یەکگرتوو نین و بەجیا دەچنە گفتوگۆکانەوە، ٢٠ی ئەم مانگەش بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە بەغداد دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کرد.
سەرۆککۆمار ٢٩ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن، سەرۆک پشکی سوننەکانەو کوردو شیعە هەریەکەیان جێگرێکی سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرێت، بەوەش ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان دەست پێ دەكات و دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا كابینەی حكومەتیش پەسەند بكرێت.
ڕۆژی 14-12-2025، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش ئەوپەڕی ماوە دەستوورییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكە و پێكهێنانی حكومەتی ڕاگەیاند.
لە وێنەیەكی هێڵكاریدا كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوی كردووەتەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە بەپێی ماددەی 54ـی دەستوور، لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەست پێ دەكات، پێویستە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.
پاشان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ماوەی دەستووریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار خستووەتە ڕوو و دەڵێت "لە ماوەی 30 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانیەوە دەست پێ دەكات، پێویستە سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 72/دووەم/ب) لە دەستوور".
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 76/یەكەم) لە دەستوور.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە. كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.
بەپێی ئەوەی ماددەكانی دەستوور دیاریی كردوون، دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا، سەرجەم ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و حكومەتی نوێ دەستبەكار بێت، دەشكرێت بە كەمتر لەو ماوەیە بكرێت.