پەرەگراف - وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، سبەینێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا گفتوگۆ دەربارەی مووچە نەدراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
سەرچاوەیەک بە پەرەگرافی وت "گرەنتیی خەرجکردنی یەک مووچەی هەرێم هەیە و سبەینێ سوودانی بڕیاری لێ دەدات، بەڵام ئەستەمە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرەی ئێستای عێراق بچێتە ژێرباری دوو مووچەکەی دیکە، بەتایبەت کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ کۆتایی ساڵ".
ئەو سەرچاوە وتیشی "حکومەتی هەرێمیش دەڵێت هیچ داهاتێکی لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی ئەو مووچانە و بە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقیشی دەزانێت، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە هاوشێوەی ساڵان دەکرێن بە پاشەکەوت و دابەش ناکرێن".
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت و لە یەکدوو ڕۆژی دواتر یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕەوانە بکرێت.