هۆشدارییەک لە نێردەی تایبەتی ترەمپەوە: لە عێراق و کوردستان نابێت چەک بەدەستی حیزب و گروپەکانەوەبێت

22-12-2025 09:49

پەرەگراف - مارك ساڤایا، نێردەی تایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، هۆشداریی دەدات لە هەبوونی چەک بە دەستی حیزب و گروپەکانەوە لە سەرتاسەری عێراق و دەڵێت: پیشاندانی نیەت بە تەنها بەس نییە، داماڵینی چەک دەبێت هەمەلایەن بێت و گەڕانەوەی نەبێت و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گروپە چەکدارەکان لەخۆ بگرێت، گواستنەوەیەكی رێكخراو و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ژیانی مەدەنی مسۆگەر بکات.

ساڤایا پیشوازیی لە هەنگاوی هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق دەکات لەبارەی چەکدانان، دەشڵێت "بەپێی دەستوری عێراق و سەروەری یاسا، هیچ  حیزبێكی سیاسی یان رێکخراو و تاکێک مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، ئەم پرەنسیپە بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت بەبێ جیاوازی".

نێردەی تایبەتی ترەمپ کە بڕیارە لەم ماوەیەدا بگاتە عێراق، لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی ئێکس، جەخت لەوە دەکاتەوە دەسەڵاتی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لای ئەو دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمە شەرعییانەدا بێت کە رێکخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانیان پێ سپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکە.

"عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێكی یەکلاکەرەوەدا وەستاوە، دەتوانێت بەرەو سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا هەنگاوبنێت یان لە بازنەی پارچەپارچەبوون و ناسەقامگیریدا بمێنێتەوە" ساڤایا وادەڵێت.