پۆلیسی هەولێر: میران بەكر لەلایەن چەند چەكدارێكی یەكێتییەوە دەستگیر كراوە و ئازار دراوە

21-12-2025 03:12

پەرەگراف - پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت "میران بەكر لەلایەن چەند چەكدارێكی یەكێتییەوە دەستگیر كراوە و ئازار دراوە". دەشڵێت "ڕێگا نادرێت هیچ كەس و لایەنێك ئازادیی كەسی و كەرامەتی هاووڵاتیان پێشێل بكات".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر پاش 40 كاتژمێر لە ڕووداوەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هاووڵاتی میران بەكر عەبدولڕەحمان كە كارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سكرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە بووە، ئەندام و كادری یەكێتییە، درەنگانی شەوی هەینی ١٩ـی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٥، لە سنووری بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەلایەن چەند چەكدارێكی خۆیانەوە دەستگیر كراوە و ئازار دراوە و دوای ماوەیەك ئازاد كراوە".

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت "لە هەبوونی سكاڵای یاسایی، پۆلیس و و لایەنە پەیوەنددارەكان ڕێوشوێنی لێكۆڵینەوە و ڕێكارەكانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی ڕاستی و سەروەركردنی یاسا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان".

"هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بە هیچ جۆرێك ڕێگا نادرێت هیچ كەس و لایەنێك هەوڵی تێكدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی كەسی و كەرامەتی هاووڵاتیان بە هیچ بیانوێك پێشێل بكات"، پۆلیسی هەولێر وا دەڵێت.

نوێ‌ دەكرێتەوە...