پەرەگراف- سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە دەڵێت لەلایەن هێزێکی یەکێتی لە هەولێر "ڕفێندراوەو لێیدراوە"، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون و لێکۆڵینەوە دەکەن.
میران بەکر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی هەرێم دەڵێت "هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی، کاتژمێر یازدەو نیوی شەو، لە نزیک مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک لەهەولێر، تورەگەی ڕەشییان خستەسەرم و دوایی کەلەبچە کردنم، بەشەق و بۆکس تێیانهەڵدام بۆ ماوەی سێ سەعات. هەموو کەل و پەلەکانی ناو سەیارەکەیان بردم و پاشان ووتیان: هەڵەمان کردووە!".
سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت "هێزەکە ئەوانە بوون کە پاسەوانی بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکەن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هیچ هێزێکی حیزبی بۆی نییە ئەو کارانە بکات، میران بەکر لایەنە فەرمییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت، ئەوان وەک لایەنی فەرمیی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
هێشتا یەکێتی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم ڕووداوە نەداوە.