یەکەم پەیامی بەرهەم ساڵح دوای وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران
پەرەگراف- بەرهەم ساڵح یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە لە دوای وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و تێیدا دەڵێت: خۆم پەنابەر بووم و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕەوی ژیان بگۆڕێت.
دەقی پەیامەکەی:
مایەی شانازیمە کە وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرام. بۆ خۆم ڕۆژگارێک پەنابەر بووم، و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕوەی ژیان بگۆڕێت. ئەم ئەزموونەم هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم دەبێت لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە. لە پێشینەی بەرپرسیارێتیم، پەنابەران و ئەو کەسانە دەبێت کە بە زۆر ئاوارە کراون؛ لە ڕێگەی پاراستنی ماف و کەرامەتیان، و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە، تاوەکو ئاوارەبوون کاتی بێت، نەک چارەنووسێکی هەمیشەیی.
لە سەردەمێکدا کە ژمارەی ئاوارە بێئەندازەیە، و فشارێکی زۆر لەسەر سەرچاوەکانی هاوکاری مرۆیی هەیە، جێبەجێکردنی ئەرکەکانی UNHCR پێویستی بە دوپاتکردنەوەی کاریگەری، کراوەیی و کارایی دەبێت. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو چاکسازییە گرنگانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە بۆ بەهێزکردنی کاریگەرییە مەیدانییەکان و بەکارهێنانی دروستی سەرچاوە داراییەکان. لەگەڵ وڵاتانی ئەندام و هاوبەشەکانمان لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕێکخراوە خێرخوازکارەکان، و لەم پێناوەشدا هاوکار دەبم بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری بەوانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی.
سوپاسی سکرتێری گشتی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، و کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بۆ متمانەپێکردنیان؛ هەروەها سوپاسی کۆمیساری باڵا، فیلیپۆ گراندی، دەکەم بۆ سەرکردایەتی کاریگەر و ماندوونەناس لەم ماوەیەدا کە جیهان لەبەردەم کێشە و گرفتی گەورەدا بوو.
پەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ کارمەندە دڵسۆزەکانی UNHCR ، دەوڵەتان، هاوبەشەکان، وڵاتانی پەناگەی پەنابەران، و لە سەرووی هەمووشیانەوە خودی پەنابەران، بۆ جێگیرکردنی پارێزگاری و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی، کە لەگەڵ هیوا و ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم گونجاو بێت.