پارتى شاندى دانوستانکارى بۆ گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتى عێراق دیارى کرد

18-12-2025 01:52

پەرەگراف - ئەنجوومەنى ناوەندیى پارتى، ئەندامانى شاندێکى بە سەرۆکایەتیى فازڵ میرانى دیارى کرد بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان سەبارەت بە پێکهێنانى حکومەتى عێراق. کۆبوونەوەى شاندى دانوستانکارى پارتیش بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتیى هۆشیار زێبارى، بەردەوام دەبێت. پارتى بە دوو شاندى جیا دانوستان دەکات.

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى ناوەندیى پارتى دیموکراتى کوردستان کە بە سەرۆکایەتیى مەسعود بارزانى بەڕێوە چوو، هەریەک لە فازڵ میرانی، فوئاد حسێن، ئومێد سەباح، نەوزاد هادی و فارس عیسا وەکوو شاندى حیزبەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان کران، شاندەکە بەمزووانە سەردانى بەغداد دەکات و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆدەبێتەوە.

بڕیاریش دراوە ئەو شاندەى پارتى کە بە سەرۆکایەتیى هۆشیار زێبارى لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت یەکێتى لە ماوەى ڕابردوو بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم لە گفتوگۆدا بووە، لە ئەرکەکەى بەردەوام بێت.

نوێ دەکرێتەوە...