ڕۆژی ئاڵای کوردستانە؛ سەرکردەکانی هەرێم چی دەڵێن؟

17-12-2025 03:21

پەرەگراف- ئەمڕۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستانیان کردەوە و ڕێزیان لەو سیمبولە نەتەوەییە گرت کە گوزارشت لە ناسنامە، قوربانیدان و خواستەکانی گەلی کورد دەکات.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، ڕایگەیاند کە ئاڵای کوردستان "هێما و سیمبوڵێکی پیرۆزی گەلەکەمانە و هەڵگری پەیام و خەون و ئاواتی هەموو کوردستانیانە. ڕۆژی ئاڵا لە کوردستانیانی ئازیز پیرۆز بێت".

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی)، ئاڵای کوردستانی وەک سیمبولی خۆڕاگری، قوربانیدان و مانەوە وەسف کرد و وتی "ئێمە بە رۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین".

"ئەمڕۆ بە رێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون. لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیر دەهێنمەوە پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین" سەرۆکی یەکێتی وای وت.

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا کە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادە بوون لەسەر قەڵای هەولێر، وتارێکی پێشکەش کردو وتی: ئاڵای کوردستان، هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە قوربانیدانەکانی گەلی کورد کرد لە پێناو ئەو ئاڵایەداو وتی "ئێستاش لەژێر سایەی ئەم ئاڵا پیرۆزە بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر، هەنگاو دەنێین، بۆیە بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان".

مێژوو و واتای ئاڵاکە

ڕۆژی ئاڵای کوردستان ساڵانە لە ١٧ی کانوونی یەکەم لەلایەن ملیۆنان کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە جیهان یاد دەکرێتەوە. ئەم ئاڵایە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٦ لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دامەزراوە فەرمییەکان هەڵکرا. سەرەڕای تەمەنی کورتی کۆمارەکە، ئاڵاکە لەو کاتەوە بووەتە سیمبولێکی بەهێزی بەرگری و ناسیۆنالیزمی کوردی.

ئاڵای کوردستان لە سێ ڕەنگی (سوور، سپی و سەوز) پێکهاتووە کە گوزارشت لە قوربانیدان، ئاشتی و ئاوەدانی دەکەن. لە ناوەڕاستەکەیدا خۆرێکی زێڕینی ٢١ تیشکی هەیە کە هێمایە بۆ نوێبوونەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (کە لە ئێستادا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کارەکانی ڕاگیراوە)، بە فەرمی ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرد.