سوودانی دووبارە دۆسیەی داهاتی نانەوتیی هەرێم دەجووڵێنێت

15-12-2025 06:39

پەرەگراف - ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بڕیاری دا ‏پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستاندا بكرێت. ئەم ‏بڕیارە 17 مانگ لەمەوبەر و لە چوارچێوەی لێتێگەیشتنی نێوان ‏هەرێم و بەغداد دراوە و دەبوو لە دوو هەفتەدا جێبەجێ‌ بكرێت، ‏بەڵام تا ئێستا بە جێبەجێنەكراوی ماوەتەوە.‏

ئەنجوومەنەكە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14-12-2025، ‏كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی ‏ئەنجام دا، تێیدا بە ئامانجی "زیادكردنی داهاتەكان"، ژمارەیەك ‏بڕیاری دەركرد.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، یەكێك ‏لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە، ڕاسپاردنی لیژنە هاوبەشەكەی نێوان ‏هەرێم و بەغدادە بۆ پێداچوونەوە بە شێوازی هەژماركردنی ‏داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان.‏

ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق لەپێناو دیاریكردنی ‏داهاتی ڕاستەقینە و بەركەوتەی ڕاستەقینەی بەغداد، بەئامانجی ‏زیادكردنی داهات، بەتایبەت كە حكومەتی عێراق پێی وایە پشكی ‏حكومەتی ناوەند لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لەو 120 ملیار دینارە ‏زیاترە كە ئێستا مانگانە ڕادەستی دەكات.‏
‏ ‏
لە بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا هاتووە، ‏دەبێت پێداچوونەوە بەو داهاتانەدا بكرێت كە ئێستا بە "بڕێكی ‏دیاریكراو" دەخرێنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ‏پڕۆسەكەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏ئەنجام دەدرێت.‏

ڕۆژی 17-07-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەقی ‏لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدای پەسەند كرد و وەكو بڕیاری ‏ژمارە 550ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە.‏
‏ ‏
بەپێی دەقی لێكتێگەیشتنەكە و بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی، دەبوو ‏‏١٢٠ ملیار دینار وەك بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی ‏تەنیا بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ‏بكات.‏

هەروەها بڕیار درابوو بە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتیی ‏هەرێم لە ڕێگەی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەلایەن لیژنەیەكی ‏هاوبەشەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا و پێشكەشكردنی بە ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق، هەرچەندە ڕاپۆرتەكە پێشكەش كرا، بەڵام ‏ڕاجیایی هەرێم و بەغداد لەبارەی داهاتە فیدراڵییەكانەوە، ‏كێشەكەی تا ئێستا بە چارەسەرنەكراوی هێشتووەتەوە.‏