پەرەگراف - بەپێی دەستووری عێراق، لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ڕێكارەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان دەست پێ دەكات و دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا كابینەی حكومەتیش پەسەند بكرێت.
دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەممە 14-12-2025، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش ئەوپەڕی ماوە دەستوورییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكە و پێكهێنانی حكومەتی ڕاگەیاند.
لە وێنەیەكی هێڵكاریدا كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوی كردووەتەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە بەپێی ماددەی 54ـی دەستوور، لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەست پێ دەكات، پێویستە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.
پاشان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ماوەی دەستووریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار خستووەتە ڕوو و دەڵێت "لە ماوەی 30 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانیەوە دەست پێ دەكات، پێویستە سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 72/دووەم/ب) لە دەستوور".
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 76/یەكەم) لە دەستوور.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە. كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.
بەپێی ئەوەی ماددەكانی دەستوور دیاریی كردوون، دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا، سەرجەم ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و حكومەتی نوێ دەستبەكار بێت، دەشكرێت بە كەمتر لەو ماوەیە بكرێت.