پەیامێک لە شیعەو سوننەوە بۆ کورد: ڕێککەون لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار

14-12-2025 03:12

پەرەگراف- لایەنە شیعەو سوننەکانی عێراق داوا لە لایەنە کوردییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەکەن ڕێککەون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.

سەرچاوەیەکی باڵای کورد لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "لایەنە شیعەو سوننەکان پەیامی خۆیان گەیاندووەتە کورد بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە بە ڕێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان خۆیان کاندیدی سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە".

"لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت بەخێرایی پۆستە باڵاکان یەکلایی بکرێنەوەو کابینەی نوێی حکومەت پێکبێت بەپێی ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، نایانەوێت بەهۆی ناکۆکیی ناوماڵی کوردیی ئەوانیش دابەش ببن بەسەر پارتی و یەکێتیدا" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

بەپێی نەریتی سیاسی لە دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، لەناو کوردیش تائیستا بۆ یەکێتی نیشتیمانی بووە، بەڵام پارتی خولی ڕابردوو و ئێستاش داوای ئەو پۆستە دەکات و ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی نەیەتەئاراوە بەتایبەت لەسەر پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پێناچێت لەسەر پۆستەکانی بەغدادو سەرۆککۆماریش بگەنە ڕێککەوتن و بە کاندیدی جیاوە دەچنە کێبڕکێی بردنەوەی سەرۆککۆمار، هەرچەندە هەوڵەکان چڕکراونەتە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی ئەو دوو حیزبە لەسەر تەواوی پۆستەکانی هەرێم و عێراق.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، ئێستا قۆناغی ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراقدایەو سەرۆککۆمار بانگەواز بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکات کە پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ئەنجام بدرێت.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی پشکی سوننەکانەو لایەنە براوەکانی سوننە لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکی سیاسیدا کۆبوونەتەوەو بڕیارە بە ڕێککەوتن کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بکەنەوە.

یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت و تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و هەرلەو دانیشتنەدا بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران (50+1) سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن.

لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا، بەدەنگی دوو لەسەر سێ، واتا بە دەنگی ٢٢٠ پەرلەمانتار لە كۆی ٣٢٩، سەرۆككۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.

دواتر سەرۆککۆمار لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا داوا لە پەرلەمان دەکات کوتلەی گەورە ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت(ئەو کوتلەیەی زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە).

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان پارتی وەک هێزی یەکەم و باڵادەست ماوەتەوەو بەدوایدا یەکێتی وەک حیزبی دووەمی حوکمڕان، گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕوویداوەو نەوەی نوێ گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو یەکگرتووی ئیسلامی دوای ١٥ ساڵ گەڕاوەتەوە پلەی سێیەم گەورەترین حیزب، ڕەوتی هەڵوێست بازێکی گەورەیداوەو پێش نەوەی نوێ کەوتووە.

بەپێی ئەنجامەکان، لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان ٥٨ کورسییەکان بەدەستهێناوە(بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم) لە کۆی ٣٢٩ کورسی، بەم شێوەیە: پارتی ٢٧، یەکێتی ١٨، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.