دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند کرد

14-12-2025 12:59

پەرەگراف - پاش 33 ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا 14-12-2025، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی 11-11-2025ـی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد.

دوای پەسەندکردن ئەنجامی هەڵبژاردن، لەمڕۆوە وادە دەستوورییەكان بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و متمانەبەخشین بە کابینەی حكومەت دەست پێ دەکەن.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان پارتی وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوەو بەدوایدا یەکێتی وەک حیزبی دووەمی حوکمڕان، گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕوویداوەو نەوەی نوێ گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو یەکگرتووی ئیسلامی دوای ١٥ ساڵ گەڕاوەتەوە پلەی سێیەم گەورەترین حیزب، ڕەوتی هەڵوێست بازێکی گەورەیداوەو پێش نەوەی نوێ کەوتووە.

بەپێی ئەنجامەکان، لە کۆی ٤٦ کورسی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە دوو کورسیان تایبەتن بە کۆتاکان (پێکهاتەکان)، ٤٤ کورسییەکەی دیکە بەم شێوەیە بەسەر پارتەکاندا دابەش دەبن:

هەولێر (١٥ کورسی): پارتی ٩، یەکێتی ٣، هەڵوێست ٢، نەوەی نوێ ١.

سلێمانی (١٨ کورسی): یەکێتی ٨، هەڵوێست ٣، نەوەی نوێ ٢، پارتی ٢، یەکگرتوو ٢، کۆمەڵ ١.

دهۆک (١١ کورسی): پارتی ٩، یەکگرتوو ٢

بە گشتی، دابەشبوونی کورسییەکان لە هەرێم بەم شێوەیە دەبێت: پارتی ٢٠، یەکێتی ١٠، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.

لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان ٥٨ کورسییەکان بەدەستهێناوە(بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم) لە کۆی ٣٢٩ کورسی، بەم شێوەیە: پارتی ٢٧، یەکێتی ١٨، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.