پەرەگراف- ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.
سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نەبین لەبەغداد هیچمان پێ ناکرێت و زۆر لاواز دەبین".
پیرە یەکگرتوویی پارتی و یەکێتی بەستەوە بە یەکگرتووییان لە ناوچە کێشەلەسەرکان و وردەکارییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ کە پارتی ئامادە نییە بیدات بە یەکێتی، پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى پەک خستووەو پەرلەمان کارا نییە.
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە نیوە+١ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان هەیە، واتە ٥١ لە کۆی ١٠٠ کورسی.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پەرلەمانى کوردستانیش لە سەرەتاى مانگى ١٢ـى هەمان ساڵ یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام دا، بەڵام تا ئێستا پارتى و یەکێتى کە لایەنى یەکەم و دووەمى براوەى هەڵبژاردنن و گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتيش تەنیا لە بەینى ئەو دوو حیزبەدایە، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ڕێکنەکەوتنى ئەو دوو حیزبە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، کارەکانى پەرلەمانى کوردستانیشى پەک خستووە. ئەو دامەزراوەیەى یاسادانان لە مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو کە یەکەم کۆبوونەوەى خۆى بە کراوەیى هێشتووەتەوە، چیتر نەیتوانیوە کۆببێتەوە، چونکە لەگەڵ کۆبوونەوەیدا دەبێت دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت کە ئەوەش چاوەڕێى ڕێککەوتنی دابەشکردنى پۆستەکانە لە نێوان پارتى و یەکێتی دا.
وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکەو پێکهاتەکانیش بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە لە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.
سەرباری ئەوەش حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هاوپەیمانی
سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هێشتا هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە تائێستا مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.