بەرهەم ساڵح پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران وەرگرت

12-12-2025 10:52

پەرەگراف- بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری پێشوی عێراق پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران وەرگرت.

کۆمیسیاری گشتیی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵا و کاریگەرەکان لە دوای سكرتێری گشتی  لە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 کەسایەتی کاندید بوون بۆ ئەو پۆستە. 

بەرهەم ساڵح لە ساڵی داهاتوودا دەست بەکار دەبێت و بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی ئاوارە و پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا.

رۆژی 30-10-2025 هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بە پشتیوانیی تەواوی ئێمە، کاندیدی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)".  

هۆشیار زێباری وتیشی، بەرهەم ساڵح "خاوەنی هەموو مەرج و توانایەکی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئاژانسە گرنگە مرۆییە"، کە رۆڵێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارە و پەنابەراندا دەگێڕێت لەسەر ئاستی جیهاندا.

بەرھەم ساڵح ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایکبووەو دەیان ساڵ لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانیدا بووەو پۆستی باڵای لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەرگرتووە، بەڵام لە ئێستا پلەی حیزبیی نییە لەناو یەکێتی.

بەرهەم ساڵح ساڵی 2001 بۆ 2004 بووە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) پاشان لە کابینەی شەشەمدا و بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

لە دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشووی بەعسەوە بووە بە جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتیی عێراق لە نیوەی دووەمی ساڵی 2004 و دواتر بووە بە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ئینتیقالی عێراق. دواتر لە ساڵی 2006 بۆ 2009 جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەڵبژێردراوی عێراق بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بووە.

لە 02ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 بە هەشتەمین سەرککۆماری عێراق هەڵبژێردراو دوای تەواوکردنی ئەو خولەی سەرۆکایەتی خۆی کاندید کردەوە بۆ خولی دووەم، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو ڕکابەرەکەی کە د.لەتیف ڕەشید بوو متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و بوو بە سەرۆککۆمار.