وەزیری پەروەردە سەری ئەو مامۆستایەی ماچ کرد کە قوتابیەکانی ڕزگارکرد لە لافاوەکەی ناحیەی تەکیە
پەرەگراف- ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم دەستخۆشی لەو مامۆستایەکرد کە لە قوتابخانەکەی ناحیەی تەکیە لە ڕۆژی لافاوەکە قوتابیەکانی ڕزگار کرد.
"سەری مامۆستا یوسفم ماچ کرد، بۆ ئەوە ماچم کرد کە منداڵی خەڵکی وەکو منداڵی خۆی حسابکرد کە ئەمە پیشەی مامۆستایە" وەزیری پەروەردە وای وت.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ٣ ساڵە وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی تەواوی داوە بە هەموو پەروەردەکان هەتا ماوەی ٣ ڕۆژ پشوو ڕابگەیەنن لەکاتی دۆخی کارەساتی سروشتی.
"لە ڕۆژی هەینی واتە ٤ ڕۆژ پێش ڕوودانی لافاوەکە بە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەری پەروەردەکانم گوتووە دۆخێکی لافاوی ترسنام بەڕێوەیەو دەسەڵاتەکانتان بەکاربهێنن بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارێزگارو قائیمقامەکان بۆ ڕاگەیاندنی پشوو" ئالان حەمەسەعید وای وت.