پەكەكە لە مامەڵەیەكی كڕینی چەكدا فریودرا؛ چیرۆكی ئەو ئۆكرانییانەی سێ ساڵ بارمتە بوون
پەرەگراف
دوو پیاوی ئۆكرانی لە ئەنجامی مامەڵەیەكی یەك ملیۆن دۆلاریی کڕینی چەك، لەلایەن پەكەكەوە زیاتر لە سێ ساڵ وەكو بارمتە دەستگیر دەكرێن و دواتر ئازاد دەكرێن. لەو مامەڵەیەدا فێڵ لە پەكەكە كراوە. یەكێك لەو كەسانە كە چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە، دەربارەی ئەزموونی ژیانی خۆی لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە دەڵێت "وەك یەكەمین خۆشەویستیم وابوو، لەبیر ناكرێت".
یێڤگینی فۆمینكۆڤی تەمەن ٤٧ ساڵ كە بە (ڕۆبن هوود) ناسراوە، لەگەڵ هاوڕێ ئۆكرانییەكەی ئەلێكساندەر سانپیتەری تەمەن ٤٦ ساڵ، لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە ناوچە شاخاوییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە بە بارمتە گیراون، دواجاریش لە كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠ ئازاد كراون.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی دەستگیركردنی ئەو دوو كەسە و مامەڵەی چەكی نێوان پەكەكە و گرووپێكی ئۆكرانیی بڵاو كردووەتەوە.
وەكوو لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، چیرۆكەكە لە ئایاری 2017دا دەست پێ دەكات، كاتێك ئەو دوو كەسە و دوو بازرگانی دیكە لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە لە كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا كۆبوونەتەوە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەیەكی چەك، كە تێیدا لەسەر مامەڵەیەكی یەك ملیۆن دۆلاری ڕێككەوتوون بۆ پێدانی چەك و پێداویستیی سەربازی بە پەكەكە، لەوانە: هاوەنی ڕووسی، چەكی قەناس، چاویلكەی شەوبینی، كامێرای گەرمی پێو، ئامێری لەكارخستنی پەخشی ڕادیۆیی.
گرووپە ئۆكرانییەكە بەڵێنیان داوە بە فڕۆكەیەك كەلوپەلەكان ڕەوانەی سلێمانی بكەن. لە بەرانبەریشدا پەكەكە یەك ملیۆن دۆلاری مامەڵەكەی داوە، بەڵام بە مەرجی بە بارمتە دانانی دوو كەس تا چەكەكان دەگاتە سلێمانی.
چیرۆكی دوو كەسە بەبارمتەگیراوەكە لەوەوە دەست پێ دەكات كە (ساڤین، كەسی یەكەمی ئەو گرووپەی مامەڵەی چەكی لەگەڵە پەكەكە كردووە)، خۆی لە فۆمنكۆڤ و سانپیتەر(دوو ئۆكرانییە بەبارمتەگیراوەكە) نزیك كردووەتەوە و بە فێڵ پێی گوتوون كە گرێبەستێكی نەوتیی قازانجكەر لە عێراق هەیە و پارەیەكی باش و خێرا و ئاسانی تێدایە، ئەوانیش بەوە دڵخۆش بوون، ساڤین هیچ شتێكی لەبارەی مامەڵەی چەكەوە بەو دوو كەسە نەگوتووە.
ئەلمۆنیتەر لە زاری فەرماندەیەكی پەكەكەوە كە ناوی نەهێناوە، باسی لەوە كردووە كە ڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2017، ساڤین لەگەڵ فۆمێنكۆڤ و سانپیتەر گەیشتووەتە شاری سلێمانی. لەوێ نوێنەرانی پەكەكە یەك ملیۆن دۆلارەكەیان ڕادەست كردوون. ساڤین نوێنەرانی پەكەكەی دڵنیا كردووەتەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەكەكان دەگەن.
كەسێكی دیكەی بەشدار لە مامەڵەكە ناوی كڵاشینكۆف بووە. دوای تێپەڕینی چەند هەفتەیەك و نەگەیشتنی چەكەكان، ساڤین بە پارەكانەوە دیار نامێنێت و كڵاشینكۆفیش وەڵامی پەیوەندییەكانی پەكەكە ناداتەوە.
پەكەكە كە دڵنیا دەبێت فریو دراوە، هەریەك لە فۆمینكۆڤ و سانپیتەر كە وەكو بارمتە لە هۆتێلێك دانراون، دەباتە بارەگایەكی خۆی لە سنووری كەركووك و دواتر دەیانگوازێتەوە بۆ شاخ.
بەرپرسێكی كورد كە ئاگاداری مامەڵەكە بووە و ناوی نەهێنراوە، بۆ ئەلمۆنیتەر وتوویەتی "ئەمە یەكەم جار نییە پەكەكە لەم جۆرە مامەڵانەدا فریو دەدرێت".
چیرۆكی ئەم ڕووداوە لەلایەن یەكێك لە بەبارمتەگیراوەكانەوە گێڕدراوەتەوە كە ناوی (یێڤگینی فۆمینكۆڤ)ـە. پاش زیاتر لە یەك مانگ هەوڵدان، ئینجا ڕۆژنامەنووسەكە توانیویەتی فۆمینكۆڤ قایل بكات بە قسەكردن لەسەر ڕووداوەكە.
لە دەستپێكی قسەكانیدا فۆمینكۆڤ ڕوونی كردووەتەوە كە لەلایەن (ساڤین و كڵاشینكۆف)ـەوە فێڵیان لێ كراوە و وتوویەتی "ئێمە پێمان وابوو لە عێراق مامەڵەیەكی دروست و ڕێگەپێدراو دەكەین. هیچ ئاگامان لەوە نەبوو كە ئەم دوانە چی دەكەن".
سەبارەت بە ژیان و بارودۆخی لە كاتی بەبارمتەگیرانی لەلایەن پەكەكەوە، فۆمینكۆڤ وتوویەتی كە بە هیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نەدراوە.
هەرچەندە فۆمینكۆڤ سەرەتا ڕازی بووە وردەكارییی ڕووداوەكە و مامەڵەی چەكەكە بۆ ڕۆژنامەنووسەكە بگێڕێتەوە، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە و وتوویەتی "چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی حكوومەتی ئۆكرانیا لەسەر كڵاشینكۆف و ساڤین دەكەم، ئەوكات ئەگەر دادپەروەری بەرپا نەكرێت، هەموو شتێك دەتەقێنمەوە، تەنانەت ئەگەر بە بەهای ژیانیشم تەواو ببێت".
فۆمینكۆڤ باسی لەوە كردووە ئەو سێ ساڵ و نیوە لە ئەشكەوتێكدا بووە و زۆر كەم تیشكی خۆر لێی داوە. هەروەها خواردنی كوردیی خواردووە. وتووشیەتی كە هەشت ددانی لەدەست داوە. فەرماندەكەی پەكەكە كە قسەی بۆ ئەلمۆنیتەر كردووە، وتوویەتی "ددانەكانی فۆمینكۆڤ لە كاتی نانخواردن و بەهۆی بوونی بەرد لەناو ئەو ساوەردا كە خوادوویەتی، شكاون. ئەو شتانە بۆ ئێمەیش دێتە پێش".
فۆمینكۆڤ لەگەڵ ئەوەی وەكوو بارمتە لای پەكەكە بووە، لە كاتی گێڕانەوەی چیرۆكی خۆیدا بۆ گەریلاكانی پەكەكە گریاوە و وتوویەتی "ئەوانە كەسانی سەربەرزن، وەك من بۆ دادپەروەری دەجەنگن". باسی لەوەش كردووە كە بەشێك لە كتێبەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكەی خوێندووەتەوە و سەرسام بووە بە زیرەكی و دانایی ئۆجەلان.
وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە، گەریلاكانی پەكەكە نازناوی جیان واتە (ژیان)یان بۆ فۆمینكۆڤ داناوە، سانپیتەریشیان زیاتر بە (ئەسكەندەر) بانگ كردووە.
"هەموو ئەوەی كە ئێستا دەتوانم پێت بڵێم، ئەوەیە كە ئەزموونی من لە چیاكان وەك یەكەمین خۆشەویستیم وا بوو، لەبیرنەكراوە"، فۆمینكۆڤ لە كۆتاییدا وا بە ڕۆژنامەنووسەكەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت.
دواجار پەكەكە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی كە ئەو دوو بەبارمتەگیراوەش لەلایەن دوو مامەڵەكەرەكەی دیكەوە فریو دراون. فەرماندەكەی پەكەكە دەڵێت "ئێمە زانیمان ئەو كەسانە بێتاوانن و لەلایەن ساختەكارانەوە بەكارهاتوون، ئەو پارەیەش هەرگیز ناگەڕێتەوە، بۆیە بە دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیامان گوت ئەگەر ئەوان ویستیان هاووڵاتییەكانیان ئازاد بكرێن، پێویستە سەرەتا ئەو ساختەكارانە دادگایی و زیندانی بكەن".
لە 9ی كانوونی یەكەم (19ی بەفرانباری 2020) نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، ڕایگەیاند "دوو هاووڵاتی كە لە ساڵی 2017دا لە عێراق دەستگیر كرابوون، گەڕانەوە بۆ ئۆكرانیا". ئەو دوو هاووڵاتییە، دوو بەبارمتەگیراوەكە بوون كە لەلایەن پەكەكەوە ئازاد كران.