نوری مالیكی و قوباد تاڵەبانی یەکدەنگیی کورد لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار تاوتوێ دەکەن

08-12-2025 06:27

پەرەگراف- قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی یەکێتی لە بەغدادە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوری مالیکی تاوتوێی یەکدەنگیی کوردیان کردووە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند: پەیوەست بە پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەتێروتەسەلی باس لە میكانیزمەكانی گەیشتن بە سازان كراوە لەنێوان هێزە كوردییەكان، سەبارەت بە دەستنیشانكردنی كەسێكی گونجاو كە كۆدەنگی نیشتمانی لەسەربێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان لەبارەی پۆستی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كردووە (سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان)، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە میکانیزمەکانی ئیدارەدانی دۆسیەی دابەشکردنی پۆستەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستوردا بگونجێت و سەقامگیری سیاسی بەدیبهێنێت.