ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕەوانەی دادگای فیدراڵی کرا بۆ پەسەندکردنی

08-12-2025 11:41

پەرەگراف- جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنمان ڕەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی.

بەپێی یاسا هیچ وادەیەک دیاریی نەکراوە تا دادگای فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەند بکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەندی بکات لەبەرئەوەی سەرجەم لایەنەکان جەخت لە زوو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەن.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، لە هەرێمی کوردستان پارتی وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوەو بەدوایدا یەکێتی وەک حیزبی دووەمی حوکمڕان، گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕوویداوەو نەوەی نوێ گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو یەکگرتووی ئیسلامی دوای ١٥ ساڵ گەڕاوەتەوە پلەی سێیەم گەورەترین حیزب، ڕەوتی هەڵوێست بازێکی گەورەیداوەو پێش نەوەی نوێ کەوتووە.

بەپێی ئەنجامەکان، لە کۆی ٤٦ کورسی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە دوو کورسیان تایبەتن بە کۆتاکان (پێکهاتەکان)، ٤٤ کورسییەکەی دیکە بەم شێوەیە بەسەر پارتەکاندا دابەش دەبن:

هەولێر (١٥ کورسی): پارتی ٩، یەکێتی ٣، هەڵوێست ٢، نەوەی نوێ ١.

سلێمانی (١٨ کورسی): یەکێتی ٨، هەڵوێست ٣، نەوەی نوێ ٢، پارتی ٢، یەکگرتوو ٢، کۆمەڵ ١.

دهۆک (١١ کورسی): پارتی ٩، یەکگرتوو ٢

بە گشتی، دابەشبوونی کورسییەکان لە هەرێم بەم شێوەیە دەبێت: پارتی ٢٠، یەکێتی ١٠، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.

لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان ٥٨ کورسییەکان بەدەستهێناوە(بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم) لە کۆی ٣٢٩ کورسی، بەم شێوەیە: پارتی ٢٧، یەکێتی ١٨، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.