پەرەگراف- ڕەوتی هەڵوێست و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کە سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنن و بە هەرسێکیان خاوەنی ١٠ کورسین لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش.
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان، گفتوگۆیان کردووە لەسەر هەماهەنگی و كاری هاوبەش لە بەغداد و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، پاراستن و بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و مافە دەستوریەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
"لە كۆتاییدا هاوڕابون لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەو گفتوگۆكان" ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە وادەڵێت.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە كورد هەستی بە مەترسییەكانی پەرتەوازەیی خۆی كردووە و بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی لە بەغداد، دەستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی كردووە، پارتی و یەكگرتوو لە دوو دەستپێشخەریی جیادا دەستیان بە سەردان بۆ لای پارتە براوەكانی هەڵبژاردن كرد بە ئامانجی گەیشتن بە "نەخشەڕێگایەكی هاوبەش".
دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان، پاش ئەوە دێت پەرتەوازەیی نێوخۆیی كورد و بەتایبەت ململانێی توندی نێوان پارتی و یەكێتی لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، بووە بە مەترسییەكی گەورە لەسە پێگەی كورد و مافەكانی هەرێم لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، لە كاتێكدا شیعە و سوننە یەكڕیزییەكی تەواویان هەیە و بە بەهێزی خۆیان بۆ دانوستان ئامادە كردووە.
یەكگرتووی ئیسلامی كە لایەنی چوارەمی براوەی هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان و چوار كورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، نەخشەڕێگایەكی سەبارەت بە مافە دەستووری و داواكارییە بنەڕەتییەكانی كورد لە حكومەتی فیدراڵ، داوەتە پارتی، یەكێتی، هەڵوێست، نەوەی نوێ و كۆمەڵ، كە وەكوو وتەبێژی یەكگرتوو دەڵێت، سەرجەم لایەنەكان وەڵامی ئەرێنییان هەبووە و هاوڕان لەسەر ئەوەی بە یەكڕیزی بچنە بەغداد.
سەلاحەددین بابەكر، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاند "بۆ ڕێككەوتن لەسەر نەخشەڕێگایەكی هاوبەش و پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوبەش بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگاكە، داوای هەرچی زووە كۆبوونەوەی لایەنە براوەكانمان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كردووە،".
مووچە و بودجە، ماددەی 140، یاسای نەوت و غاز و مافەكانی پێشمەرگە، ئەو مافانەی كوردن كە یەكگرتوو داوا دەكات وەكوو "هێڵی سووری كورد" دەستنیشان بكرێن و جێبەجێكردنیان بكرێت بە مەرج بۆ پاڵپشتیكردن و دەنگدان بە سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق.
هەر بۆ هەمان مەبەست، پارتی دەستی بە سەردان بۆ لای حیزبەكان كردو داوای یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكان دەكات و دەیەوێت پێكەوە لەسەر نەخشەڕێگایەك ڕێك بكەون و بە یەكگرتوویی بچنە بەغداد، نەك بەم پەرتەوازەییەی ئێستاوە.
شەش حیزبی كوردستانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا توانیویانە 58 كورسی بەدەست بهێنن، لەگەڵ پێنج كورسیی كۆتای پێكهاتەكان كە لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا بوونەتەوە. كورسیی لایەنەكان بەم شێوەیە دابەش بوون (پارتی: 27 كورسی + 5 كورسیی پێكهاتەكان، یەكێتی: 18 كورسی، هەڵوێست: 5 كورسی، یەكگرتوو: 4 كورسی: نەوەی نوێ: 3 كورسی، كۆمەڵ: 1 كورسی).