بانگەوازێكى بەپەلە لە خانەوادەکەیەوە: کەیسی کاوە گەرمیانی بگەیەننە دادگا نێودەوڵەتییەکان

06-12-2025 10:15

پەرەگراف - خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی لە پەیامێکدا داوای گەیاندنی دۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی بە دادگاكانی دەرەوەی وڵات دەكەن، لەپێناو "بەدیهێنانی دادپەروەری". ڕایشیدەگەیەنن كە "ئێستا بكوژ ئامادەیە دان بە هەموو تاوانەكەدا بنێت و ئاشكرای بكات كە كێ لە پشتی ئەم تاوانە گەورە و قێزەونەوەیە".

خانەوادەی كاوە گەرمیانی، ئەم پەیامەیان ئاراستەی سەرجەم ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، دامەزراوەكانی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە و بە "داواكارییەكی بەپەلە و ویژدانی لەپێناو دادپەروەری بۆ كەیسی كاوە گەرمیانی" ناو دەبەن.

دوێنێ ٠٥-١٢-٢٠٢٥، لە دوازدەیەمین ساڵیادى تیرۆرکردنى کاوە گەرمیانیدا، شیرین ئەمین، هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە، بۆ پەرەگراف باسى لە وردەكاریی دانپێدانانی بكوژەكە لەناو زیندان و ئاشكراكردنی ئەو بەرپرسەی لە پشت تاوانەكەوە بووە، کرد. ئەو وتیشى "ئەو چەكەی كاوەی پێ‌ كوژراوە، لەناو براوە و نەهێنراوەتە دادگا، بەڵام وێنەكەی لای ئێمە هەیە".

کەسوکار و پارێزەرى دۆسیەى کاوە گەرمیانى دوو جار لەناو زینداندا ئەو کەسەیان بینیوە کە بە تاوانى کوشتنى ڕۆژنامەنووسەکە سزاى زیندانیکردنى هەتاهەتایى دراوە و دانى بەوەدا ناوە کە لەسەر داواى بەرپرسێک کاوەى کوشتووە و وتووشیەتى "بەشێوەیەك ئەو بەرپرسەم خۆش دەویست، ئەگەر داوای كوشتنی هەر كەسێكی نزیكی خۆیشمی بكردایە، ڕەتم نەدەكردەوە".

دەقى پەیامى خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی:

پەیامی داواكاری بۆ دادپەروەریی نێودەوڵەتی: دۆسیەی كاوە گەرمیانی

بەڕێزان:
ئەم پەیامە داواكارییەكی بەپەلە و ویژدانییە لە پێناو دادپەروەری بۆ ڕۆژنامەنووسی بوێر و قوربانی تیرۆر، كاوە گەرمیانی.

یەكێك لە دەنگە هەرە بەهێزەكانی ئازادیی ڕادەربڕین و دژایەتی گەندەڵی لە كوردستان، لە 5ی كانوونی یەكەمی 2013 بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كرا لەباوەشی دایكیدا.

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیكەی دوازدە ساڵ بەسەر ئەم تاوانە قێزەونەدا و هەوڵە ناوخۆییەكان، تا ئێستا دادپەروەریی ڕاستەقینە و گەیشتن بە دەستی ڕاستەقینەی پشت تاوانەكە بەدی نەهاتووە.

دۆسیەكە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ، بێلایەن، و بەرفراوانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی بكەرانی سەرەكی و فەرماندەرانی ئەم تاوانە بە سزای خۆیان بگەن.

داواكاری سەرەكی:

ئێمە داوا لە ڕێكخراوە بەڕێزەكانی ئێوە دەكەین كە:

دۆسیەی كاوە گەرمیانی وەك كەیسێكی سەرووی نەتەوەیی و پێشێلكارییەكی گەورەی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لەقەڵەم بدەن.

كە لە ئێستادا بكوژ ئامادەیە دان بەهەموو تاوانەكەی بدات و كێ لە پشتی ئەم تاوانە گەورەو قێزەونەیە. بۆیە هەموو هەوڵێكی یاسایی و دیپلۆماسی بدەن بۆ گەیاندنی ئەم كەیسە بە دادگاكانی دەرەوەی وڵات، بە تایبەت ئەو دادگایانەی تایبەتمەندن بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان.

فشار دروست بكەن بۆ دەستپێكردنەوەی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ و ڕاستەقینە، بە پاڵپشتیی لایەنێكی نێودەوڵەتی، بۆ ئاشكراكردنی هەموو ڕاستییەكان.

تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسێك تەنها تاوانێك نییە دژ بە تاكە كەسێك، بەڵكو تاوانێكە دژ بە دەنگی ڕاستی، ئازادیی ڕادەربڕین، و بنەماكانی دیموكراسی. بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ كاوە گەرمیانی، دڵنیایی دەدات كە ڕۆژنامەنووسانی دیكە لە سەرانسەری جیهاندا لە كاتی ئەركیاندا پارێزراو دەبن.

ئومێدەوارین لەسەر بنەمای پەرۆشی ئێوە بۆ مافی مرۆڤ و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بە دەنگ داواكارییەكەمانەوە بێن و ئەم دۆسیەیە بكەنە ئەولەوییەتی كارەكانتان.

ئێمە كە خاوەن كەیس گەلێكن ھەڵگری ئازاری میللەتێكین.، لەپێناو ھەق و دژایەتی سیستەمی داپڵۆسێنەرو بەگژا چونەوەی گەندەڵی باجی ڕێگای ئازادیمانداوە .، بۆیە پێتان ڕادەگەینین لەپاڵ پشتیوانی ئازادی خوازان ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان پێویستمان بەشتیوانی چالاكوان و ڕێكخراوە جیھانییەكانە وە تەواوی كوردانی تاراوگە ئازادی خوازان بۆ ئەوەی ئەم كەیسانە بكرێنە كەیسی جیھانی . ،

ڕوونە كەلەئاستی ھەرێم ئێمە خاوەن كەیسی شەھیدانی قەڵەم و كەیسی شەھیدانی 17 شوبات و كەیسی تەواوی شەھیدانی ڕێگای نان و ئازادین.، بەڵام سوڵتەی قەزائی لەم ھەرێمە لە ژێر قەراری حكومەت و حزب و بەرپرسانی باڵان بەداخەوە ھێشتا دادگاو یاسا ڕێڕەوی سەربەخۆی نەگرتۆتەبەر .، بۆیە تائێستا ئەم جۆرە كەیسانە بكەر و پەڵەوانی ئەم دۆسێیانە ئازادانە بێ حساب كردن بۆیاسا دەسوڕێنەوە..

بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم كەیسانە لەئاستی دادگای كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و ڕێكخراوە جیھانییەكان بجوڵێنرێت وە ئامانج لێیان بكرێنە كەیسی جیھان.، تاوەكو چەك بەدەستەكانی بەرپرس و نەوەكانیان كە ئاڵودەی خوێنن چیتر زات نەكەنەوە كاوە و سەردەشتێكی تر تیرۆركەنەوە ئامەدێكی تر بێناز كەن و ژنێكی تر بەرگی ڕەش و ژیانی بەسوێ بكەنە خەونی ژیانی .

لەكۆتادا سوپاس پێزانیمان بۆتەواوی ئامادەبوان و ئازادی خوازان و ڕێكخەرانی مەراسیمی یادی 12 ساڵەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لەناوەو دەرەوەی ھەرێم و وەتەواوی چالاكوانان و كوردانی تاراوگە... پشتیوانی ئێوە ھێز ئەبەخشێتە ئێمە تابتوانین ڕووبەڕوی فیرعەونەكانی دەسەڵات ببینەوە...

خانەوادەی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی