سەرکردە کوردەکان پشتیوانیی بۆ ئاشتی دووپات دەکەنەوەو ئۆجەلان دەڵێت: چووینەتە قۆناغی بونیاتنانی کۆماری دیموکراتیک
پەرەگراف- کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئەستەنبوڵ دەستی پێکردو دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە خوێندرانەوەو جەخت لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆو دوور لە شەڕ دەکەنەوە.
ئۆجەلان: کۆتاییمان بە تێکۆشانی پەکەکە بۆ هەبوون و شکۆ هێنا
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسەکە وتی "وەک کورد، کۆتایمان بە تێکۆشانی ٥٢ ساڵەی پەکەکە بۆ هەبوون و شکۆ هێنا و لە ئێستادا پێمان ناوەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیات بنرێتەوە.
پەکەکە بە مسۆگەکردنی هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێگەیاند، هاوکات بنبەستی سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوەی خستەڕوو".
ئۆجەلان ئەوەش دەخاتەڕوو، پڕۆسەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە ئەو دەستی پێ کرد، پرۆسەیەکی دیالۆگەو لە ناوچەیەکی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئیتنیک، ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆری لێیە، زۆر شت هەیە کە لە ڕێی دیالۆگ و دانوستانی دیموکراتیکەوە بەدەستبهێنرێت.
"من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەتدا وەکو پەیوەندییەکی دیموکراتیکبوون پێناسەدەکەم. لە تێڕوانینی کۆماری دیموکراتیکدا وا پێویست دەکات کە دەوڵەت وەکو هێزێکی ئیلاهی لەسەر کۆمەڵگە نەبێت، لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگەدا کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، دەشێت لەناو دەوڵەتدا گۆڕان و گۆڕانکاری ڕووبدات و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراتیک سەرلەنوێ دابمەزرێنرێت" ئۆجەلان وا دەڵێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی ڕۆڵ و گرنگیی یاسا دەکات و دەڵێت "جێگیرکردنی ئەم ستراتیژە لە یاسادا، بناغەیەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی دادەنێت. یاسا، وەکو میکانیزمێکی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیک لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، ئامڕازێکی چارەسەرییە کە ڕێگری لە توندوتیژی دەکات. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخراوەییکردنی دامەزراندن و ڕەوایەتیی کۆماری دیموکراتیک و سەرلەنوێ دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا."
مەسعود بارزانی: دەستخۆشی لە ئەردۆغان و ئۆجەلان دەکەم و پشتیوانیانم
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە دەستخۆشی پڕۆسەی ئاشتی لە ئەردۆغان و ئۆجەلان کردو لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسەکە دەڵێت "دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یانیش پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی روون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن. هەموو کاتێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت".
"لە دڵمەوە دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە دەرگایان بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی رەخساندووە، منیش لای خۆمەوە پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات" مەسعود بارزانی وادەڵێت.
بافڵ تاڵەبانی: پشتیوانییکردنمان لە پڕۆسەی ئاشتیی ئەرکێکی نیشتمانییە
هەروەها بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی یەکێتی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دووپات کردەوەو لە پەیامەکەیدا هاتووە "پشتیوانیکردنی یەکێتیی لە پرۆسەی ئاشتیی هەڵوێستێکی سیاسیی نییە بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانییە بەرامبەر گەلی کورد. ئێمە ئەزموونمان کردووە و دەزانین شەڕ و پێکدادان براوەی نییە".
پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی مام جەلال لە پڕۆسەی ئاشتی، جەختی لەسەر هەمان سیاسەت کردەوە، وتیشی "ئەو بڕیارانەی لە ئێستادا دەیاندەین، ئێستامان دیارییدەکات و شێوە دەداتە دەرفەتەکان و ئازادییەکانی نەوەکانی داهاتوو نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ سەرجەم پێکهاتە ئەتنی و ئاینییەکان".
نێچیرڤان بارزانی: ئاستەنگەکان نەبنە هۆکار بۆ ساردبوونەوە له ئاشتی
هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا داوایکرد ئەو ئاستەنگانەی دێنەبەردەم پڕۆسەی ئاشتیی نەبنە هۆکار بۆ ساردبوونەوە لە پڕۆسەکە.
سەرۆکی هەرێم دەڵێت "دیدگای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی، دیدگایەکی نەگۆڕ و ستراتیژییە. بڕوامان وایە کە ئاشتی تەنها بێدەنگبوونی چەک نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە بۆ بنیاتنانی متمانە، قبووڵکردنی یەکتری و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان جیاوازییەکاندا. توندوتیژی و ململانێ، جگە لە وێرانکاری و دواکەوتن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی بۆ گەلان نەبووە. بەڵام هەر کاتێک دەرگای گفتوگۆ کراوەتەوە، هەر کاتێک ئیرادەی سیاسی بۆ ئاشتی هەبووە، دەرفەتی گەورە بۆ گەشەسەندن و سەقامگیری هاتووەتە ئاراوە".
هەرلە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە "تورکیا وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیەکی ستراتیژیمانه. سەقامگیری و پێشکەوتنی تورکیا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە هەیە. تورکیا لە ئاشتیدا بەهێزترە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت. ساڵانی ڕابردوو، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیمان له ئاشتى کرد. ئهو قۆناغه سهلماندی كه گفتوگۆ دەتوانێت دەسکەوتی گەورە بۆ هەموو لایەک بەدەست بهێنێت. ئەمڕۆش، ههموو پشتگيرييهكمان بۆ سهرخستنى ئاشتى دووپات دهكهينهوه. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکەدا".
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە ئەردۆغان و ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی و هەموو ئەوانە دەکات کە پەرۆشن بۆ ئاشتی و دەڵێت "پرۆسەیەکی وا گرنگ لە قوناغێکی وا هەستیاردا، دهكرێ ئاستەنگی بۆ دروست ببێت، بهڵام دهبێ ئەو ئاستەنگانە نەبنە هۆکار بۆ ساردبوونەوە له ئاشتی. سەرکەوتنی ئاشتى پێویستی بە پشوودرێژی هەیە. چەند کاتی پێویست بێت، وا دەخوازێت بەردەوامیی هەبێت".