مەسرور بارزانی بۆ سەیری یاریی فۆرمولا وەن لە ئیماراتە

06-12-2025 12:17

پەرەگراف- سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە بە سەردانێک لە ئیماراتەو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەی بینیوە، سەردانەکەی بۆ سەیری نمایشی یاریی فۆرمولا وەنە، لە کاتێکدا تەنها وەک سەردانێکی فەرمیی سیاسی و دیبلۆماسی باس دەکرێت و لە بڵاوکردنەوەی وێنەو زانیاریی لەبارەی دیدارەکانی لە پەیج و ئەکاونتەکانی مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێم ئاماژە بە ئامادەبوونی لە نمایشی فۆرمولا وەن ناکرێت.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ عەبدوڵلا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات کۆبووەوە، پەیوەندییەکان نێوان هەردوولا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

هاوکات نەدیم زەهاوی پەرلەمانتاری پێشووی بەریتانیا کە بە ڕەچەڵەک کوردە، لە دیداری نێوان مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیماراتدا دەرکەوت، زەهاوی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو هەیە، بەشداربوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە ڕۆڵی هەبووبێت لە ئاسانکاری پەیوەندییەکان یان بەهێزکردنی پردی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەردوولادا.

گەیشتنی بارزانی لە کاتێکدا بوو کە ئیمارات میوانداری "Grand Prix" (پێشبڕکێی گەورە)ی ئەبوزەبی ٢٠٢٥ دەکات(٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە)، کە کۆتا پێشبڕکێی وەرزی فۆرمولا وەنە و ساڵانە سەرکردە و کەسایەتیی و سەرمایەدارو وەبەرهێنەران ڕادەکێشێت، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە سەکۆ سەرەکییەکانی "هێزی نەرم"ی ئەبوزەبی.

هەرچەندە ڕاگەیەندراوەکانی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر دیپلۆماسیەت دەکردەوە، بەڵام کاتی سەردانەکە بە دڵنیاییەوە دەرفەتی بۆ بارزانی ڕەخساندووە کە بگاتە بەشداربووانی ئاست باڵا لە ناوچەکە و جیهان.