پەرەگراف- سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تیرۆریستناساندنی ئەنساروڵاو حیزبوڵا ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت، ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبوون و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بینیویانە.
دەقی ڕوونکردنەوەی سەرۆکایەتی کۆمار
سەرۆکایەتیی کۆمار ئاگاداربوون یان پەسەندکردنی بڕیاری ناساندنی گرووپی "ئەنساروڵڵا" و "حیزبوڵڵا"ی لوبنانی وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی سەروەت و سامانەکانیان ڕەتدەکاتەوە، چونکە بڕیاری لەم شێوەیە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناکرێت.
تەنها ئەو یاسایانەی کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داون لەگەڵ مەرسوومە کۆمارییەکان، بەمەبەستی وردبینی و پەسەندکردن و بڵاوکردنەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی دەکرێن، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان و بڕیارەکانی لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و ئەو ڕێنماییانەی لە هەر لایەنێکەوە دەردەچن، بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار نانێردرێن.
جێگای ئاماژەیە، سەرۆکایەتیی کۆمار ئاگاداری بڕیاری ناساندنی "ئەنساروڵڵا" و "حیزبوڵڵا" وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی پارەکانیان نەبووە و نەیبینیوە، تەنها لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەبێت، بۆیە بە پێویست زانرا ڕوونبکرێتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆمار
٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥