یەك ساڵە پەرلەمان پەكخراوە؛ دەبوو تا ئێستا چی بكردایە؟

02-12-2025 11:30

پەرەگراف - یەك ساڵی تەواو بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی خولی ‏شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، تا ئێستا كۆبوونەوەكە ‏بە تەواونەكراوی ماوەتەوە و كابینەی حكومەتیش بەهۆی ‏ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی پێك نەهاتووە.‏

ساڵێك و یەك مانگ و 12 ڕۆژ لەمەوبەر، واتە لە 20-10-2024، ‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو. ‏دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‏ڕۆژی 02-12-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم كۆبوونەوەی ‏پەرلەمان دیاری كرد و كۆبوونەوەكە لە وادەی خۆیدا دەستی پێ‌ ‏كرد، بەڵام دوای ئەوە ئیتر بە كراوەی و تەواونەكراوی مایەوە.‏

ئەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی داوە، تەنیا سوێندخواردنی ‏ئەندامەكانیەتی، كە بووەتە هۆی بڕینەوەی مووچەیەكی بەرز ‏بۆیان، لە كاتێكدا ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی ئەوتۆ ڕاناپەڕێن، ‏ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی كردوونەتەوە.‏

لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی ‏دەستەی سەرۆكایەتیی خۆی كە یەكەم ئەركیەتی و ئەنجامی ‏نەداوە، دەبوو دەمێكە كابینەی حكومەتی پەسەند كردبووایە و ‏یاسای بودجەی پەسەند بكردایە.‏

جگە لەو سێ‌ ئەركە گرنگەش، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و ‏گەشەپێدان كە چاودێریی كارەكانی پەرلەمان دەكات، پێشتر لە ‏ڕاپۆرتێكدا بەبۆنەی تێپەڕینی یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، ‏ئاماژەی بەوە كردووە كە دەبوایە پەرلەمان لەو ماوەیەدا ‏‏"لیژنەكانی خۆی هەڵبژاردایە و 450 كۆبوونەوەی لیژنەكان ‏ئەنجام بدرایە، دەبوایە نزیكەی 100 دانیشتنی بۆ دەركردنی یاسا ‏و 50 دانیشتنی بۆ بەدواداچوونی كاروباری حكومەت ئەنجام ‏بدایە".‏

بەهۆی كارانەبوونی پەرلەمانی كوردستانەوە، چوار دامەزراوە و ‏دەستەی سەربەخۆ كە ماوەیان بەسەرچووە و كێشە بۆ كاروباریان ‏دروست بووە، نەتوانراوە كارا بكرێنەوە، ئەوانیش (دەستەی ‏دەستپاكی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ و ‏كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان)ـن. ‏

بۆچی پەرلەمان پەك خراوە؟

هاوشێوەی پۆستەكانی حكومەت، دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەشێكە ‏لە دانوستانەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت. بەهۆی ڕێكنەكەوتنی ئەو دوو ‏حیزبەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، پەرلەمانیش بە پەكخراوی ماوەتەوە، بەوپێیەی یەكەم كاری ‏هڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییە كە هێشتا ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی نەكراوە.‏

دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ‏پەرلەمانی كوردستان، دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت ‏دەستیان پێ‌ كرد. پارتی دیموكرات وەكو لایەنی براوەی یەكەمی ‏هەڵبژاردن، داوای پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوانی كرد و بۆ ‏ئەو مەبەستەش سەردانی بۆ لای لاینەكان دەست پێ‌ كرد، بەڵام ‏هەر زوو زۆرێك لە لایەنەكان بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونیان دا و تەنیا ‏پارتی و یەكێتی مانەوە.‏

زیاتر لە یەك ساڵ لەمەوبەر و لە 30-11-2024، یەكەم ‏كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی ‏لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، ئەو دوو لایەنە بە فەرمی دەستیان ‏بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی دووقۆڵی كرد، كە ڕەنگە لە ‏داهاتوودا پێكهاتەكانیش بە قەبارەیەكی بچووك تێیدا بەشدار بن.‏

گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی لەسەر دوو تەوەری سەرەكی بوون، ‏‏(دیدگای هاوبەش بۆ حوكمڕانی، دابەشكردنی پۆستەكان). وەكوو ‏خۆیان ڕایانگەیاند، لە شەش مانگی یەكەمی گفتوگۆكاندا لەسەر ‏تەوەری یەكەم گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام دەستپێكردنی ‏گفتوگۆكان لە تەوەری دووەم، هەر زوو بە بنبەست گەیشت و ‏دانوستانەكان پەكیان كەوت.‏

ناكۆكیی ئێستای پارتی و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان. ‏وەزارەتی ناوخۆ ترۆپكی ناكۆكییەكانی هەردوو لایە. پارتی وەكوو ‏براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، ئەو وزارەتە بە بەركەوتە و مافی خۆی ‏دەزانێت، یەكێتیش لەژێر پاساوی دروستكردنی هاوبەشی لە ‏حوكمڕانیدا داوای ئەو پۆستە دەكات.‏

ڕێكنەكەوتن و دواخستنی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی ‏هەرێم بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە پارتی و یەكێتیی ‏پێ‌ تۆمەتبار دەكات، پارتیی نیگەران كرد. بۆیە لە دوای ‏ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە مەسعود بارزانی چەند ‏جارێك ڕایگەیاندووە كە هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن كۆتایی ‏هاتووە و بەپێی هەلومەرجی نوێ‌ دانوستان دەكەن.‏

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی لەسەر ئاستی ‏عێراق دەنگی دووەمی بەدەست هێناوە، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی ‏لە 31 بۆ 27 كەمی كردووە، بەڵام پێنج كورسیی كۆتای ‏پێكهاتەكانیش لە بەرژوەندیی ئەو كاندیدانە یەكلا بوونەتەوە كە ‏پارتی پاڵپشتیی كردوون، هەرچی یەكێتیشە تەقریبەت نیوەی ‏پارتی دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام توانیویەتی پارێزگاری لە ‏كورسییەكانی پێشووی بكات و 18 كورسیی بەدەست هێناوە، ‏بەمەش جیاوازیی كورسییەكانی ئەو دوو حیزبە هێندەی جیاوازیی ‏دەنگەكانیان گەورە نییە.‏