پەرەگراف - خۆپیشاندانى دانیشتووانى گوندى لاجان لە نزیک پاڵاوگەى لاناز سەرى کێشا بۆ پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە بە چەک، تا ئێستا بەلاى کەمەوە خۆپیشاندەرێک کوژراوە و خەڵکى ناوچەکە باس لە کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک کەسى دیکە دەکەن، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە. هێزى زۆرى ئەمنى ڕەوانەى ناوچەکە کراون و بەردەوام دەنگى تەقە دەبیسترێت.
دانیشتووانى گوندى لاجان کە دەکەوێتە نزیک پاڵاوگەى لاناز لە قەزاى خەبات لەسەر ڕێگاى گوێڕ، چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان دەکەن و پێشتریش چەند جارێک خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە. داوا دەکەن گەنجەکانیان لە پاڵاوگەکەدا دەرفەتى کاریان بۆ بڕەخسێنرێت.
پاش ئەوەى ئەمڕۆیش خۆپیشاندانەکە بەردەوام بوو، بەتایبەتیش داواى ئازادکردنى گەنجێکیان کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو، هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانى پاڵاوگەکە لە دەروازەى پاڵاوگەکەدا بە دەستڕێژى گوللـە هەوڵى کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکەیان دا، لە ئەجامدا گەنجێک کوژرا کە خۆپیشاندەران دەڵێن بە تەقەى "ئاسایشى پاڵاوگەکە" گیانى لەدەست داوە.
دانیشتووانى گوندى لاجان سەر بە عەشیرەتى هەرکین. ئەوان دەڵێن "بەر لە هەڵبژاردن بەڵێنیان پێ داین کە دەرفەتى کار بۆ ئێمەش فەراهەم بکرێت، بەڵام ئێستا پاشگەز بوونەتەوە". ئەوان دەشڵێن "ئەگەر دەرفەتى کارمان لە پاڵاوگەکە پێ نەدرێت، ڕێگەى هاتووچۆى تانکەرەکانیان دادەخەین".
بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى کە پەیجەکانى عەشیرەتى هەرکەى لە فەیسبووک بڵاویان کردوونەتەوە، دواى تەقەى هێزە ئەمنییەکان و هێزى ئاسایشى پاڵاوگەکە، ژمارەیەک لە دانیشتووانى گوندى لاناز بە چەک وەڵامیان داونەتەوە و پێکدادان دروست بووە، بە جۆرێک تا درەنگانى ئێوارەش دەنگى تەقەیەکى زۆر لە دەوروبەر و ناو گوندەکەدا دەبیسترا.
تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەى ڕووداوەکەوە نەداوە، بەڵام هێزى زۆرى ئەمنى ڕەوانەى ناوچەکە کراوە.