پەرەگراف - لە ڕێكارێكی نوێ و تونددا بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی كۆچی نایاسایی، فەرەنسا دەست دەكات بە ڕێگریكردن لە جووڵەی ئەو بەلەمە بچووكانەی كە كۆچبەران بۆ بەریتانیا دەپەڕێننەوە.
دەستەی دەریایی فەرەنسا بۆ نۆكەندی ئینگلیز و دەریای باكوور ڕایگەیاند، فەرەنسا بڕیاری داوە بەمزووانە دەست بە ئۆپەراسیۆنی "كۆنترۆڵ و ڕێگریكردن" لەناو دەریادا بكات، كە بریتییە لە ڕێگریكردن لە پەڕینەوەی بەلەمە بچووكەكانی كۆچبەران لە نۆكەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.
وتەبێژی دەستەكە دەڵێت، ناوەرۆكی ئەو بیرۆكەیەی كە دەیانەوێت جێبەجێی بكەن، بە جۆرێكە كە بەرلەوەی كۆچبەرەكان سوار بەلەمەكان ببن، ڕێگرییان لێ دەكەن، ئەوەش بە ڕێكارێك بۆ پاراستنی ژیانی كۆچبەرەكان لە مەترسی ناو دەبات.
ڕۆژانە دەیان كۆچبەر لە كەناراوەكانی فەرەنساوە هەوڵی پەڕینەوە بە نۆكەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا دەدەن، هەندێك دەردەچن و هەندێك بەهۆی گرفت و مەترسییەكانەوە دەگەڕێنەوە، هەندێكیش دەبنە قوربانی. بەپێی ئامارە فەرمییەكان، بەلای كەمەوە لەمساڵدا 27 كۆچبەر لە كاتی هەوڵی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەست داوە، یان بێسەروشوێن بوون.
بەپێی ئاماری فەرمیی وڵاتی بەریتانیا، تەنیا لەمساڵدا تا ئێستا 39 هەزار كۆچبەر بە بەلەمی بچووك پەڕیونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش زیاترە لە كۆی ئاماری ساڵی 2024 كە 36 هەزار و 816 كەس بووە.