لیژنەیەکی باڵای عێراق بە ئەندامێتیی هەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکهێنرا
پەرەگراف - بە بڕیاری سوودانی، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەندامێتیی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات.
لە كۆبوونەوەیەكی "بەپەلە"دا كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغداد بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و بەشداریی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بەڕێوە چوو، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەكە درا.
هەروەها لیژنەیەكی هونەری كە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان پێك دێت، "لێكۆڵینەوەی ورد" دەكات بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی هێرشەكە و ئەو لایەنانەی پشتیوانییان كردوون، "بەمەبەستی سزادانیان بەپێی یاسا".
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆری بە "دەستدرێژییەكی تاوانكاری و هەوڵێك بۆ لێدانی سەقامگیریی وڵات لەلایەن لایەنە تیرۆریستییەكانەوە" ناو بردووە.