لیژنەی هاوبەش بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر پێك دەهێنرێت

27-11-2025 02:40

پەرەگراف - لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، محەمەد شیاع سوودانی "بە توندترین شێوە" هێرشی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆری سەركۆنە كرد و بە "هێرش بۆ سەر هەموو عێراق" ناوی برد.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە پەیوەندییەكە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا، "بڕیار درا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی هێرشبەران و بەسزاگەیاندنیان پێك بهێنرێت".

كاتژمێر 11:30ـی شەوی ڕابردوو 26-11-2025، هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بە تایبەتیش كۆگایەكی گەورەى غاز كرایە ئامانج و ئاگرێكی گەورە كەوتەوە، بەهۆیەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیرا.

دوای ئیدانەی توندی هێرشەكە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوای لە حكومەتی فیدراڵ كرد بكەرانی هێرشەكە بدۆزێتەوە و ڕاپێچی دادگایان بكات.

مەسروور بارزانی لە پەیامێكدا بە زمانی ئینگلیزی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر، داوای لە هاوبەشە ئەمریكی و نێودەوڵەتییەكان كرد، "كەرەستەی بەرگریی پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیی هەرێم دابین بكەن"، هەروەها وتی "پشتیوانمان بن لە گرتنەبەری ڕێكاری جددی بۆ ڕێگریكردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵك و پێشكەوتنەكانمان".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایشیگەیاند "نابێت ڕێگا بدرێت بە تیرۆریستان یان هەر كەسێك كە لە پشت هێرشەكانی ئەمشەوەوە بێت، ئەم تاوانانە دووبارە بكەنەوە، یان وەك ڕابردوو بە كەفالەت ئازاد بكرێن".