وتەبێژی یەكێتی: پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ یەكێتی فەشەل دەهێنێت

25-11-2025 06:08

پەرەگراف - كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی، ڕایدەگەیەنێت "پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ یەكێتی فەشەل دەهێنێت و لایەنەكانی تریش ئەم بابەتە باش دەزانن". دەشڵێت "پۆستی سەرۆككۆماری عێراق مافی یەكێتییە و كاندیدمان دەبێت". هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت و ڕكابەرەكانی دەنگ و كورسییان كەمی كردووە".

كاروان گەزنەیی پاش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم وتی "یەكێتی دەیەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بێت لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، بە مافی شەرعیی خۆیشی دەزانێت لە مەلەفەكانی ئەمنی، دارایی، سیاسی و دیبلۆماسیدا هاوبەش بێت نەك شێوازی دیكە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی ڕاستەقینە بكات".

"بەبێ یەكێتیی نیشتمانی، حكومەتێكی سەركەوتوو لە كوردستان پێك نایەت، بە واقعی جوگرافی و مێژوویی و دەنگ و كورسی. لایەنەكانی تریش ئەم بابەتە زۆر باش دەزانن و پێكیش بێت فەشەل دەهێنێت"، وتەبێژی یەكێتی وا دەڵێت.

هەروەها دەربارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق وتەبێژی یەكێتی وتی "سەرۆككۆمار حەقی یەكێتیی نیشمانییە و كاندیدمان دەبێت". كاندیدبوونی بافڵ تاڵەبانیشی بۆ پۆستە پشتڕاست یان ڕەت نەكردووە و وتی "تا ئێستا مەكتەبی سیاسی بڕیاری لە كاندیدەكە نەداوە".

چەند ڕۆژێكە ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە بە بابەتی جێی گفتوگۆ و سەبارەت بە بۆچوونی یەكێتی لەوبارەیەوە، گەزنەیی دەڵێت "یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت. لە دوو ساڵی ڕابردوودا سێ هەڵبژاردن كراوە، لە هەرسێ هەڵبژاردنەكەدا ڕكابەرەكانی یەكێتی دەنگ و كورسییان كەمی كردووە".