هیچ بڕیار و ڕێنماییەکى نوێ بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا دەرکراوە؟

25-11-2025 03:13

پەرەگراف - بەڕێوەبەرى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت "هیچ هەڵمەت و ڕێنماییەکى نوێ بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا نییە، بەڵام ڕێنماییە کۆنەکە بەرکارە و لە کاتى سەرپێچیدا سزا دەدرێت".

عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەرى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى، بۆ پەرەگراف جەختى کردەوە "ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا ئەنجام دەدرێت، دوورن لە ڕاستییەوە".

عەقید بەهمەن ڕوونى کردەوە، ئەوەى هەیە تەنیا ڕێکار و ڕێنماییەکانى پێشووى وەزارەتى ناوخۆن کە بەرکارن، ئەویش دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتایە لە کاتى سەرپێچیدا.

ئەو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتایانەش کە سەرپێچى دەکەن، دواى سزادانى سەرپێچییەکە "ئازاد دەکرێن".

بەڕێوەبەرى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى بە پەرەگرافى وت "کاتێک ئۆتۆمبێلێکى ژمارەدار سەرپێچى دەکات، هەر لە شوێنى خۆى سزا دەدرێت، بەڵام ئەوانەى بێسەرەتان، دەستیان بەسەردا دەگیرێت تا سزاکە لە شۆفێرەکە وەردەگیرێت".

سەبارەت بە جۆرى سزاکان، عەقید بەهمەن ئەحمەد وتى "کاتێک ئۆتۆمبێلێکى بێسەرەتا لە شوێنى نەشیاو ڕادەگیرێت، یان کە دەکەوێتە مەفرەزەوە و سەرپێچییەکى هەیە، دەستى بەسەردا دەگیرێت، سزاى سەرپێچییەکەى دەدرێت و یەک ملیۆن دیناریش سزاى ئەوە دەدرێت کە بێسەرەتایە، دواتر ئازاد دەکرێت".