پەرەگراف- سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاریان نەداوە بۆ بەشداریکردن و نەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوەو گوایە نەوەی نوێ بڕیاریداوە.
کوردەوان جەمال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بڕیاردان لەم بابەتە جەنابی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کاک شاسوار لە زیندانەوە یەکلایی دەکاتەوەو جەنابیان هەر بڕیارێک بدات وەکخۆی جێبەجێی دەکەین".
پێشتر پەرەگراف بڵاویکردەوە کە لەگەڵ فراوانبوونی دەنگۆکانی بەشداریی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پارتی، جوڵانەوەکە هێشتا بڕیاری لەوبارەیەوە نەداوەو دیارنییە نەوەی نوێ ئەو هەنگاوە دەنێت یاخود وەک کارتی گوشار بەرامبەر یەکێتی بەکاری دەهێنێت بەتایبەت کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە لە سلێمانی لە زیندانەو نەوەی نوێ دۆسیەکەی بە "سیاسی" ناودەبات، هەرچەندە لایەنە فەرمی و دادوەرییەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە دەستگیرکردنی پەیوەندیی بە سیاسەتەوە هەبێت.
هەینی ڕابردوو دەستەی بەڕێوبردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردرا، لە بەشێکیدا دەڵێت "فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریاندا جوڵانەوەکە و سەرۆکی جۆڵانەوەکە لە زیندانەوە هەر بڕیارێک بدات ئەوە هەمووان پابەند دەبن پێیەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە دەنگەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەزینێکی زۆری بەخۆوە بینی، لە ٢٩٢,٠٣٢ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٢٣,٣٧٦ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە، کە ئەمەش دابەزین بە ڕێژەی ٥٧.٨% پیشان دەدات.
دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى پەک خستووە، نەوەی نوێ پێشتر مەرجی قورسی هەبوو بۆ بەشداریی لە حکومەت کە داوای سەرۆکوەزیران یاخود سەرجەم وەزارەتەکانی دەکرد، ئێستا ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەر هەڵوێست و مەرجەکەیدابێت و بچێتەپاڵ پارتی، ئەو دۆسیەیە لە بەرژەوەندیی پارتی یەکلادەکاتەوەو ئەوکات پارتی بەبێ یەکێتی و حیزبەکانی دیکە دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە نیوە+١ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان هەیە، واتە ٥١ لە کۆی ١٠٠ کورسی، پارتی خاوەنی ٣٩ کورسییەو ٣ کورسی پێکهاتەکانیش هاوپەیمانی پارتین، نەوەی نوێ خاوەنی ١٥ کورسییەو بە کورسیەکانی پارتی و پێکهاتە هاوپەیمانەکانی دەکاتە ٥٧ کورسی.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پەرلەمانى کوردستانیش لە سەرەتاى مانگى ١٢ـى هەمان ساڵ یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام دا، بەڵام تا ئێستا پارتى و یەکێتى کە لایەنى یەکەم و دووەمى براوەى هەڵبژاردنن و گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتيش تەنیا لە بەینى ئەو دوو حیزبەدایە، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ڕێکنەکەوتنى ئەو دوو حیزبە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، کارەکانى پەرلەمانى کوردستانیشى پەک خستووە. ئەو دامەزراوەیەى یاسادانان لە مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو کە یەکەم کۆبوونەوەى خۆى بە کراوەیى هێشتووەتەوە، چیتر نەیتوانیوە کۆببێتەوە، چونکە لەگەڵ کۆبوونەوەیدا دەبێت دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت کە ئەوەش چاوەڕێى ڕێککەوتنی دابەشکردنى پۆستەکانە لە نێوان پارتى و یەکێتی دا.
وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکەو پێکهاتەکانیش بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە لە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.
سەرباری ئەوەش حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هاوپەیمانی
سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هێشتا هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە تائێستا مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.