کونسوڵی ڕووسیاو وەزیری سامانە سروشتییەکان لەسەر پرسی بۆریی نەوتی کوردستان کۆبوونەوە

24-11-2025 01:34

پەرەگراف- ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کورستان و شاندێکی یاوەری سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان کردو لەگەڵ کەمال محەمەد وەزیری سامانەسروشتییەکان بە وەکالەت کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بۆریی نەوتی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا بەرپرسانی کۆمپانیای بۆری نەوتی کوردستان KPC ئامادە بوون، کونسوڵی ڕوسیا باسی لە پەیوەندیی توندوتۆڵی مێژوویی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری بەتایبەتی لە بواری وزە و نەوت لە نێوان هەردوولا هەبووە.

هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەیی وەزارەتی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هیچ زانیارییەکی لەبارەی گفتوگۆکان لەسەر بۆریی نەوتی کوردستان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە كۆمپانیای ڕۆزنەفتى ڕوسى بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمریكا، پشكەكانی خۆی لە بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ خوار ٥٠% كەم دەكاتەوە و بەشێكی پشكەكانی بە كۆمپانیایەكی ئیماراتی دەفرۆشێت.

بەرپرسێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پاش زنجیرەیەك گفتوگۆ بەمەبەستی پاراستنی كۆمپانیاكە لە سزاكانی ئەمریكا، ڕۆزنەفت ئەو بڕیارەی داوە و پشكەكانی بۆ ٤٩% كەم كردووەتەوە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وردەكارییەكان، بە ڕۆیتەرزیان وتووە، ڕۆزنەفت ڕێژەی ١١٪ـی پشكەكانی بە كۆمپانیای دێكس كەپیتەڵی ئیماراتی فرۆشتووە.

كۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسی لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی ٦٠٪ـی خاوەندارێتیی هێڵی بۆریی نەوتی كوردستانی كڕی، ٤٠٪ـی پشكەكانیش خاوەندارێتیی بۆ گرووپی كۆمپانیاکانی كار (كار گرووپ) دەگەڕێتەوە.

مانگی ڕابردوو، ئەمریكا سزای خستە سەر هەردوو كۆمپانیای ڕۆزنەفت و لوكۆیل كە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوتی ڕووسیان، ئەمەش وەك فشارێك بۆ سەر ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی ڕووسیا، تا جەنگی ئۆكرانیا ڕابگرێت.

سزاكان هەر پرۆژەیەك دەگرێتەوە كە ئەو كۆمپانیا ڕووسییانە خاوەنی زیاتر لە ٥٠%ـی پشكەكانی بن. ڕۆزنەفت بە كەمكردنەوەی پشكەكانی لە بۆریی نەوتی كوردستان بۆ ٤٩%، خۆی لەو سزایە دەرباز دەكات كە ئەمریكا بەسەریدا سەپاندوویەتی.

كۆمپانیای هێڵی بۆریی كوردستان، نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ خاڵی بەیەكگەیشتنی هێڵی بۆریی عێراق-توركیا لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە.