ناوەرۆکى کۆبوونەوەى نێوان بارزانى و مالیکى

22-11-2025 04:43

پەرەگراف - بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی نێوان مالیكی و بازانیدا بڕیار لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەکەى، مالیكییش جەختى لە "بایەخی بەردەوامیدان بە هەوڵە هاوبەشەكان بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت" كردووەتەوە.

ئەمڕۆ 22-11-2025، حیزبی دەعوەی عێراقی بە فەرمی كاندیدكردنی نووری مالیكیی سكرتێری گشتیی حیزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. هاوكاتی بڕیارەكە، نووری مالیكی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات كۆبووەوە.

بارەگای بارزانی دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن كرد. جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بخرێنە خزمەتی خەڵكی عێراق".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا "بڕیار لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق" دراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی كۆبوونەوەكە دەڵێت "هەردوولا پیرۆزیایی سەركەوتنی هەڵبژاردنیان لە یەكتر كرد. باسی دۆخی سیاسی و ئەنجامی گفتوگۆكانی ئێستای نێوان هێزە نیشتمانییەكان كرا".

نووری مالیكی ئاماژەی بە "بایەخی بەردەوامیدان بە هەوڵە هاوبەشەكان بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێك" كردووە، حكومەتێك كە "وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەلی عێراق بێت و سەقامگیری بەهێز بكات و پارێزگاری ڕەوتی دیموكراسی بكات".

نووری مالیكی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر "گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكان".

ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025، ئەنجوومەنی شوورای حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی خۆی سەرۆكایەتیی دەكات، لە بەیاننامەیەكی كورتدا كاندیدكردنی مالیكیی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە كۆی دەنگی ئەندامەكانی ئەنجوومەنەكە ڕاگەیاند.

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانەوە، پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی ڕاگەیاند و جووڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێ‌ كردووە.

تا ئێستا بە ڕوونی هەریەك لە نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقدان، بەڵام باس لە كاندیدبوونی حەمید شەتری، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراقیش دەكرێت، بەڵام هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی لەبارەی دیاریكردنی یەك كاندیدەوە یەكلا نەكردووەتەوە.

محەمەد شیاع سوودانى کە سەرۆکایەتیى هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراقدا کرد، توانیى بە بەدەستهێنانى زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٢٥ هەزار دەنگ و بردنەوەى ٤٦ کورسى، براوەى یەکەمى هەڵبژاردن بێت، نوورى مالیکى کە سەرۆکایەتیى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاساى دەکرد، لەسەر ئاستى دەنگ لە ڕیزبەندیى چوارەمى عێراقدایە بە ٧٢١ هەزار دەنگ، بەڵام بە کورسى دووەمى عێراقە و لیستەکەى ٢٩ کورسیى پەرلەمانى بردووەتەوە.