پەرەگراف - حیزبی دەعوەی عێراقی بە فەرمی كاندیدكردنی نووری مالیكیی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ گەیشتنی مالیكی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی.
ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025، ئەنجوومەنی شوورای حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی خۆی سەرۆكایەتیی دەكات، لە بەیاننامەیەكی كورتدا كاندیدكردنی مالیكیی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە كۆی دەنگی ئەندامەكانی ئەنجوومەنەكە ڕاگەیاند.
ڕاگەیاندنی بڕیارەكە هاوكات بوو لەگەڵ گەیشتنی مالیكی بۆ هەولێر، كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات كۆبوونەوەیەكی درێی ئەنجام دا و دواتر لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.
تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكان پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و مالیكی دەیەوێت پاڵپشتیی پارتی بۆ خۆی بەدەست بهێنێت.
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كە هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانەوە، پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی ڕاگەیاند و جووڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێ كردووە.
تا ئێستا بە ڕوونی هەریەك لە نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقدان، بەڵام باس لە كاندیدبوونی حەمید شەتری، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراقیش دەكرێت. چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی لەبارەی دیاریكردنی یەك كاندیدەوە یەكلا نەكردووەتەوە.