پەیامێکى توند لە ئەمریکاوە دەربارەى پێکهێنانى حکومەتى عێراق؛ 'دەستوەردان قبووڵ ناکەین'

21-11-2025 10:19

پەرەگراف - نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، لە پەیامێكدا ئاماژە بە "پێشكەوتنی عێراق" لە سێ‌ ساڵی سەرۆكوەزیرانیی محەمەد شیاع سوودانیدا دەكات و هیوا دەخوازێت لە "مانگەكانی داهاتوودا بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنە" ببینن. ئەم پەیامە لە سەروبەندی ململانێی یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران لە نێوماڵی شیعەدا، پاڵپشتیی ئەمریكایە بۆ سوودانی؟

ئەم قسانەی مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ عێراق، لە پەیامێكدا هات كە ئەمشەو بڵاوی كردەوە و تێیدا هۆشداریی دا كە "ئەمریكا دەستوەردانی دەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا قبووڵ ناكات". ساڤایا دوای ئەوەی یەكشەممەی ڕابردوو ترەمپی بینی، بەمنزیكانە بە پەیامی ئەمریكاوە دەچێتە بەغداد و لەگەڵ سەركردەكانی عێراق كۆدەبێتەوە.

محەمەد شیاع سوودانی كە لە 17ـی تشرینی یەكەمی 2017 وەكوو سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستبەكار بوو، سێ‌ ساڵی تەواوە لەو پۆستەدایە و ئێستاش كە لیستەكەی براوەی یەكەمی عێراقە لە هەڵبژاردندا، دەیەوێت ئەو پۆستە لە كابینەی نوێی حكومەتدا وەربگرێتەوە، بەڵام ڕكابەرێكی سەرسەخت لە مەیدانەكەدایە كە نووری مالیكیی سكرتێری گشتیی حیزبی دەعوەیە و لیستەكەی براوەی دووەمی هەڵبژاردنە. هەر بۆ ئەو مەبەستەش مالیكی سبەینێ‌ سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە.

مارك ساڤایا كە لە 20-10-2025 لەلایەن ترەمپەوە وەكوو نوێنەری ئەمریكا لە عێراق دیاری كرا، لە 8ـی ئەم مانگە و چەند ڕۆژێك بەر لە هەڵبژاردن، بۆ یەكەم جار لە بەغداد لەگەڵ سوودانی دەركەوت و ڤیدیۆیەكی تایبەتی لەناو نووسینگەكەیدا بڵاو كردەووە.

لەو پەیامەشیدا كە ئەمشەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، مارك ساڤایا دەڵێت "عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، هیوادارین لە مانگەكانی داهاتوودا بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنە ببینین".

ساڤایا بە هۆشداریشەوە ڕایگەیاندووە "با ڕوون بێت: ئەمریكا قبووڵ ناكات و ڕێگایش نادات، هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا بكرێت".

نێردەی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە كە "بە هۆشیارییەوە" چاودێریی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەن و دەشڵێت "چاوم لەوەیە لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی عێراق بكەم و لەگەڵ سەركردە سەرەكییەكانی كۆببمەوە".

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كە هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەوە، پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی ڕاگەیاندووە، هێشتا هیچ كەسێكی وەكوو كاندیدی سەرۆكوەزیران ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بە ڕوونی ململانێی نێوان سوودانی و مالیكی لەسەر ئەو پۆستە دەبینرێت كە هەردووكیشیان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدان.

ڕۆژی هەینی 21-11-2025، هیشام ڕوكابی، ڕاوێژكاری نووری مالیكی، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند "بڕیارە سبەی شەممە، نووری مالیكی بگاتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆببێتەوە". ڕوكابی دەشڵێت "ئامانج لە سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق".

چوار ڕۆژ لەمەوبەریش لە پەراوێزی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە دهۆك، سوودانی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێم ژمارەیەك كۆبوونەوەی ئەنجام دا، كە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان بووە.