ڕۆزنەفت بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمریكا بەشێك لە پشكەكانی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانی فرۆشت
پەرەگراف - كۆمپانیای ڕۆزنەفتى ڕووسى بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمریكا، پشكەكانی خۆی لە بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ خوار ٥٠% كەم دەكاتەوە و بەشێكی پشكەكانی بە كۆمپانیایەكی ئیماراتی دەفرۆشێت.
بەرپرسێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پاش زنجیرەیەك گفتوگۆ بەمەبەستی پاراستنی كۆمپانیاكە لە سزاكانی ئەمریكا، ڕۆزنەفت ئەو بڕیارەی داوە و پشكەكانی بۆ ٤٩% كەم كردووەتەوە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وردەكارییەكان، بە ڕۆیتەرزیان وتووە، ڕۆزنەفت ڕێژەی ١١٪ـی پشكەكانی بە كۆمپانیای دێكس كەپیتەڵی ئیماراتی فرۆشتووە.
كۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسی لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی ٦٠٪ـی خاوەندارێتیی هێڵی بۆریی نەوتی كوردستانی كڕی، ٤٠٪ـی پشكەكانیش خاوەندارێتیی بۆ گرووپی كۆمپانیاکانی كار (كار گرووپ) دەگەڕێتەوە.
مانگی ڕابردوو، ئەمریكا سزای خستە سەر هەردوو كۆمپانیای ڕۆزنەفت و لوكۆیل كە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوتی ڕووسیان، ئەمەش وەك فشارێك بۆ سەر ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی ڕووسیا، تا جەنگی ئۆكرانیا ڕابگرێت.
سزاكان هەر پرۆژەیەك دەگرێتەوە كە ئەو كۆمپانیا ڕووسییانە خاوەنی زیاتر لە ٥٠%ـی پشكەكانی بن. ڕۆزنەفت بە كەمكردنەوەی پشكەكانی لە بۆریی نەوتی كوردستان بۆ ٤٩%، خۆی لەو سزایە دەرباز دەكات كە ئەمریكا بەسەریدا سەپاندوویەتی.
كۆمپانیای هێڵی بۆریی كوردستان، نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ خاڵی بەیەكگەیشتنی هێڵی بۆریی عێراق-توركیا لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە.