میسر كێبڕكێ لەگەڵ كاتدا دەكات؛ كەشتییەكەی نۆكەندی سوێس چەند ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە؟

28-03-2021 03:56
كەشتییەكە شەش ڕۆژە نۆكەندی سوێسی داخستووە

پەرەگراف- هەكار مەحمود

تائێستا چارەنوسی كەشتی بارهەڵگری ئێڤەر گیڤن كە شەش ڕۆژە لە نۆكەندی سوێس گیری خواردووە و نۆكەندەكەی داخستووە بە نادیاریی ماوەتەوە، هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی و كردنەوەی ڕێگاكە بەردەوامن، ئەوە یەكەمجار نییە ئەو كەشتییە تووشی ڕووداوی لەو جۆرە ببێت كە زیانێكی زۆری بە ئابوریی جیهان گەیاندووەو قەبارەی زیانەكە ڕۆژیی بە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

تۆڕی بلومبێرگ لە هەواڵێكیدا ئاشكرای كردووە، ئەو كەشتییە كە یابان خاوەنداریی دەكات‌و كۆمپانیای ئێڤەر گرینی تایوانی كاری پێدەكات، چەند ساتێك پێش لادان و گیرخواردنی، خێراتر لەو ڕادەیە ڕۆیشتووە كە دەستەی نۆكەندی سوێس بۆ تێپەڕبونی كەشتییەكان دیارییكردووە.

دواین خێرایی كەشتییەكە كە تۆماركراوە، 13.5 گرێی دەریایی بووە كە دەكاتە نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، بەڵام خێرایی ڕێپێدراو لە نۆكەندەكەدا بۆ كەشتییەكان 7.6 بۆ 8.6 گرێیە كە دەكاتە نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.

كاتی ڕزگاركردنی كەشتییەكە دیارنییە

ئوسامە ڕەبیع سەرۆكی دەستەی نۆكەندی سوێس بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، هەوڵەكانیان بۆ ڕزگاركردنی كەشتییەكە و كردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەكە بەردەوامن، بەڵام دیارنییە ئەوە كەی ڕوودەدات و كەشتییەكە لە چ كاتێكدا دەكەوێتەوە جوڵە.

ڕەبیع باسی لەوەكردووە، هەڵكردنی بای بەهێز كارەكانی سەخت كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاو لە ژێر كەشتییەكەوە دەستی كردووە بە ڕۆیشتن، بۆیە هیوایان هەیە بەمزووانە هەوڵەكانیان ئەنجامی هەبێت، هیواشی خواستووە پەنا بۆ سوككردن و داگرتنی باری كەشتییەكە نەبەن كە لە 18 هەزار و 300 كۆنتێنەر پێكهاتووە.

سەرۆكی دەستەی نۆكەندی سوێس ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵەكانی میسر بۆ ڕزگاركردنی كەشتییەكە "دروستە و لەكاتی گونجاودایە".

20 هەزار تەن لم

ئەو شۆفڵ و ئۆتۆمبێلە گەورانەی لە نزیك كەشتییەكە كاردەكەن، تائێستا زیاتر لە 20 هەزار تەن لمیان لەژێر كەشتییەكە بەقوڵیی 18 مەتر دەرهێناوە، كە ڕێگرییەكی زۆری دروستكردبوو.

كۆمپانیایەكی هۆڵەندی كە كار بۆ ڕزگاركردنی كەشتییەكە دەكات باسی لەوەكردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كەشتییەكە دەكەوێتەوە جوڵە، چونكە لە چەند ڕوویەكەوە كاری تێدا دەكرێت لەوانە؛ لابردنی لم و لادان و جوڵاندنی كەشتییەكە لە شوێنی خۆی.

سەدان كەشتی چاوەڕێن

15%ی جوڵەی كەشتییە بازرگانییەكانی جیهان بە نۆكەندی سوێسدا تێپەڕ دەبن، ئێستاش بەهۆی داخستنییەوە زیاتر لە 320 كەشتی گیریانخواردووە، ئەوەش زیانێكی زۆری ئابوریی لێكەوتۆتەوە.

ڕووداوێكی هاوشێوەی هەمان كەشتی

بەپێی چەند ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی، ئەمە یەكەمجارنییە ئێڤەر گیڤن ڕووداوی هاوشێوەی بەسەردێت، بەڵكو ساڵی 2019 خۆی كێشاوە بە لێواری ڕووباری ئەلبە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا و زیانێكی زۆر بەر كەشتییەكە كەوتووە.

لەو كاتەدا باسلەوە كرا، بای بەهێز هۆكاری ڕووداوەكە بووە، ئەوەش هەمان سیناریۆیە كە بۆ گیرخواردنی ئەمجارەی كەشتییەكە باس دەكرێت، بەڵام سەرۆكی دەستەی نۆكەندی سوێس ڕەتیدەكاتەوە بای بەهێز و خۆڵبارین هۆكار بێت، بەڵكو هەڵەیەكی هونەریی یاخود مرۆیی ئەوەی لێكەوتۆتەوە.

ڕادیۆی NDRی ئەڵمانی ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكات جارێكی دیكە ڕێگە نەدرێت كەشتییەكە بچێتەوە ئەوروپا ئەوەش بەهۆی دووبارەبونەوەی ئەو كێشەو گرفتە كە كاریگەری لەسەر ئابوریی تەواوی جیهان دروستكردووە.

ڕێگای جێگرەوە

ئەگەر داخستنی نۆكەندەكە بەردەوام بێت دەبێت كۆمپانیاكانی بار گواستنەوە بیر لە ڕێگایەكی جێگرەوە بكەنەوە، ئاڕاستەی كەشتییەكان بەرەو ڕەئس رجا ساڵح بگۆڕن، ئەوەش زیاتر لە دوو هەفتە ماوەی گەشتەكان درێژ دەكاتەوە و تێچوویەكی زیاتریشی دەوێت بەتایبەت بۆ سوتەمەنی كەشتییەكان.

ناسنامەی كەشتی ئێڤەر گیڤن

كەشتییەكە ساڵی 2018 دروستكراوە و لەلایەن كۆمپانیایەكی تایوانییەوە كاری پێدەكرێت، درێژییەكەی 400 مەتر و پانییەكەی 59 مەترە زیاتر لە 50 مەتر بەرزە، بە یەكێك لە گەورەترین كەشتییە بار هەڵگرەكان دادەنرێت كە دەتوانێت زیاتر لە 20 هەزار كۆنتێنەر بگوازێتەوە بە كێشی 220 هەزار تەن، یابان خاوەنی كەشتییەكەیە.

كەشتییەكە ڕۆژی 23ی مانگی شوبات لە بەندەری كاوهسیۆنگ بە بارێكی 219 هەزار تەنەوە لە تایوانەوە بەڕێَكەوتووە، بڕیاربوو ڕۆژی 31ی ئازار بگاتە بەندەری ڕۆتردام لە هۆڵەندا، بەڵام 23ی مانگ لە نۆكەندی سوێس گیری خوارد‌و بووە هۆی داخستنی نۆكەندە و ڕاگرتنی 30%ی گەشتە بازرگانییەكانی جیهان كە بەو نۆكەندەدا تێپەڕدەبن و بەشێكیان لە كەشتییە نەوت گوێزەرەوەكان پێكهاتوون.