دوا پێنج ساڵ لە واژۆكردنی؛ چارەنووسی ڕێكەوتننامەی پەنابەران لە نێوان توركیاو ئەوروپادا
پەرەگراف- هەكار مەحمود
ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە توركیاوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆیشتن چەند ساڵێكە ڕێژەكەی دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕێكەوتننامەیەی ساڵی 2016 بۆ ڕێكخستنی كۆچ لەنێوان توركیا وڵاتانی ئەوروپا واژۆ كرا، ئێستا دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ باس لە درێژكردنەوە و نوێكردنەوەی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی پشتگوێ خستنی مافی مرۆڤ، ڕێكەوتننامەكە ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە.
بڵاوبونەوەی وێنەی تەرمی ئالان كوردی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، جیهانی تۆشی شۆك كرد، دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوە، دوای شەش مانگ سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپا و توركیا ڕێكەوتننامەیەكی تایبەت بە پەنابەرانیان واژۆكرد.
بەپێی ڕێكەوتنەكە دەبوو توركیا ڕێگری بكات لە كۆچبەران تاوەكو نەچنە ناو خاكی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە، لەبەرامبەردا ئەنقەرە كۆمەڵێك دەستكەوتی ئابوری و سیاسی دەبوو، ئەوەش بەشێوەیەكی كرداری بووەهۆی كەمبونەوەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی دەچونە ئەوروپا.
شەش ملیار یۆرۆ كە دەكاتە نزیكەی 15.7 ملیار دۆلار، بڕی ئەو پارەیەبوو كە ئەوروپا وەك هاوكاری پێشكەشی توركیای دەكرد، ئەو وڵاتەش بڕێكی زۆری ئەو پارەیەی وەرگرت، بەڵام توركیا دەڵێت، ئەوروپا پابەندی بەڵێنەكانی نەبوو لە دوو بواردا ئەوانیش، كارئاسانی كردن بۆ پێدانی ڤیزە بە توركەكان تاوەكو گەشتی ئەوروپا بكەن، لەگەڵ فراوانكردنی یەكێتی گومرگیی نێوان هەردوولا.
لەگەڵ ئەو كەمبونەوە زۆرەی لە ژمارەی كۆچبەراندا ڕوویداوە دوای ئیمزاكردنی ڕێكەتنەكە، بەڵام تەنها 2740 پەنابەر گەڕێندراونەتەوە توركیا، هاوكات وڵاتانی ئەوروپا پێشوازییان لە 28 هەزار و 621 كەس كردووە كە لە توركیاوە چونەتە ئەوروپا، ئەوەش زۆر كەمترە لەو ژمارەیەی كە ڕێكەوتنی لەسەر كرابوو وەریبگرن.
ئێستا پێنج ساڵ بەسەر ڕێكەوتننامەكەدا تێپەڕیوە، توركیا داوای نوێكردنەوەی دەكات، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر چەند مەرجێك دەكەن بۆ بەردەوامبوون لەسەری، هاوكات ئەو وڵاتانە لەبارەی پێدانی مافی پەنابەرێتی لەنێوان خۆیاندا لە هەركاتێكی دیكە زیاتر دابەشبوونیان هەیە، بەنمونە؛ لە ئەڵمانیا حكومەت ڕێكەوتننامەكە بە سەركەوتوو ناودەبات، بەڵام حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن "شكستی هێناوە".
ئولریكە دێمە، جێگری وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەكردووە، هەردوولا پابەندی ڕێكەوتننامەكە بوون و پێكەوە جێبەجێیان كردووە، جەختیشدەكاتەوە كە ڕێكەوتنەكە سەركەوتوبووە لە ڕوبەڕوبونەوەی مۆدێلی پەڕینەوە بە دەریای ئیجەدا، كە هاوشێوەی كرداری خۆكوژییە و قاچاخچییەكان بە پەنابەرانی ئەنجام دەدەن.
پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ
چەند ڕێكخراوێكی مافەكانی مرۆڤ بەبۆنەی تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر ڕێكەوتننامەكەدا بەیاننامەیەكیان بڵاوكردۆتەوەو ئاشكرایان كردووە، ئەو سیاسەتەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا پەیڕەوی دەكەن لە ڕووی مافی مرۆڤەوە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤی تێدایە.
بەیاننامەكە لەلایەن هەشت ڕێكخراوەوە دەركراوە لەنێوانیاندا ڕێكخراوەكانی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هیۆمان ڕایتس وۆچ، ئۆكسفام هەیە و دەڵێن"سنورەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤیان تێدا ئەنجام دەدرێت".
یەكێك لەو شوێنانەی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤی تێدا ئەنجام دەدرێت، دورگەكانی یۆنانە، كە چەندین كۆچبەر لەوێ ماونەتەوە و چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پەنابەرین، لە دۆخێكی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن.
كۆرنیلیا ئێرنست ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە حزبی چەپەكان دەڵێت "سەربازگەی ناو دورگەكانی یۆنان ڕەمزی پێشێلكاری مافی مرۆڤن".
هاوكات ئیریك ماركوارت ئەندامی حزبی سەوز لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، ڕێكەوتننامەكە لەلایەن حكومەتەكانەوە كراوە و نەبراوەتە پەرلەمان تا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
كارتێكی فشار
ساڵی ڕابردوو ڕێكەوتننامەكە خەریكبوو هەڵبوەشێتەوە، كاتێك هەزاران كۆچبەری نایاسایی كە زۆرینەیان عێراقی و ئەفغانی و پاكستانی بوون لە نزیك سنورەكانی توركیا و یۆنان گردبونەوە، ئەنقەرەش بۆ ماوەیەك سنورەكانی بەڕوودا كردنەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سنورەكان داخرانەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، دۆسیەی سنورەكان وەك كارتێكی فشار بەرامبەر یەكێتی ئەوروپا بەكاردەهێنێت، چەندین جار هەڕەشەی كردنەوەی ڕێگاكانی چونە ئەوروپای كردووە ئەگەر وڵاتانی یەكێتییەكە پارەی زیاتریان بۆ نەنێرن.
نوێكردنەوەی ڕێكەوتننامەكە یان گۆڕینی؟
شارەزایان پێیانوایە، ڕێكەوتننامەكە شكست دەهێنێت ئەگەر نوێنەكرێتەوە یاخود نەگۆڕدرێت، چونكە چەندین گرفتی پەیوەندیدار بە ڕێكەوتنەكەوە سەریهەڵداوە، یەكێك لەوانە مانەوەی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەرە لە توركیا كە چاوەڕێی ڕێگای گونجاو دەكەن بۆ چونە ئەوروپا.
بەپێی ئامارەكان لەئێستادا شەش ملیۆن كۆچبەر لە توركیان كە زیاتر لە چوار ملیۆنیان سوورین، ئەو ئامارەش بەراورد بە ساڵی 2016 كە ڕێكەوتننامەكەی تێداكراوە دوو ملیۆن زیادی كردووە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر ئەو وڵاتە دروستكردووە، بۆیە ئەگەر ڕێكەوتننامەكە نوێ نەكرێتەوە یاخود نەگۆڕدرێت، دوور نییە جارێكی دیكە ئەنقەرە سنورەكان بكاتەوە و ڕێگە بە تێپەڕینی پەنابەران بدات بەرەو ئەوروپا، ڕەنگە ئەوەش وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنێت.
لای خۆیەوە مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، وڵاتەكەی هیواخوازە لە دۆخێكی ئیجابیدا بن لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا، هەردوولا پابەندی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكەبن.