دەنگدان لەسەر بوودجە دواخرا؛ "كورد و شیعە و سوننە ناكۆكن"

26-03-2021 08:45

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی بۆ دوو سبەی (یەكشەممە) دواخست كە بڕیاربوو سبەینێ‌ بەڕێوە بچێت. ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "ناكۆكیی زۆر لە نێوان لایەنەكاندا هەیە". سەبارەت بەو ڕێككەوتنەش كە هەرێم لەگەڵ شیعە كردوویەتی، وتی "هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دەبێت 20 دۆلاریش بخاتە سەری ئینجا داهاتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات".

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ژمارە 46ی بڵاو كردووەتەوە كە لە دوو بڕگە پێكهاتووە و كۆبوونەوەكە یەكشەممە 28-3 لە كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ دەست پێ‌ دەكات. بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2021 و بڕگەی دووەمیش گفتگۆی گشتییە.

هەفتەی ڕابردوو شاندی حكوومەتی هەرێم سەبارەت بە بوودجە لەگەڵ لایەنە شیعەكان گەیشتە ڕێككەوتن و لە ماددەی 11ی پرۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر كرا، بڕیاریش بوو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی زیادكردنی بڕگەیەكی نوێ‌ بۆ ماددەكە لەلایەن لایەنە شیعەكانەوە، كێشە دروست بوو و دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە دواخرا.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف پێشبینیی دواخستنی كۆبوونەوەكەی كرد، بەو پاساوەی "جارێ‌ ناكۆكی لەسەر بوودجە زۆرە. هیچ كام لە لایەنەكان: كورد و عەرەب، شیعە و شیعە، سوننەیشی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە "دوو ڕۆژی دیكە پێویستە تا دانیشتن و دانوستان بكرێت بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن".

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و لایەنە شیعەكان، حكوومەتی هەرێم ڕازی بووە لە كۆی بەرهەمهێنانی 460 هەزر بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، پاش لێدەركردنی پێویستیی ناوخۆ و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت و پترۆدۆلار، بە لای كەمەوە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و لەسەدا 50ی داهاتی نانەوتی ڕادەستی حكوومەتی فیدراڵی بكات.

جەمال كۆچەر دەڵێت "ئێستاش هەرێم بەوە ڕازییە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەست بكات، بە مەرجێك ئەو بڕگە تازەیەی تێدا نەبێت كە زیاد كراوە".

سەبارەت بە جیاوازیی نرخی نەوتی هەرێم و سۆمۆ، ئەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە كە "هەرێم نەوتی خۆی بە 20 دۆلار كەمتر لە سۆمۆ دەفرۆشێت، واتە دەبێت هەر بەرمیلێك 20 دۆلاری بخاتە سەر ئینجا داهاتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات".

بەوپێیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە پێنج ملیۆن دۆلار بخاتە سەر داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی دەیفرۆشێت، ئینجا ڕادەستی بەغدای بكات، كە مانگانە دەكاتە 150 ملیۆن دۆلار.

سەرباری ئەوەش هێشتا لایەنە شیعەكان لە دەرەوەی ڕێككەوتنەكە بڕگەیەكیان زیاد كردووە كە دەڵێت ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو، هیچ بڕەبوودجەیەكی بۆ نانێردرێت.

جەمال كۆچەر بۆ پەرەگراف وتی "حكوومەتی هەرێم بەوە ڕازی نییە، چونكە حەزی لەوەیە پابەند نەبێت و بوودجەی بۆ بنێردرێت".