پەیوەندییەكی "هەڵە و مەترسیدار"؛ ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئۆجەلان و براكەی

26-03-2021 03:42

پەرەگراف

"چۆن هاتوویتە ئێرە؟ كێ تۆی هێناوە؟ لەكوێوە پەیوەندی دەكەیت؟" ئەمە دەستپێكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە لەگەڵ محەمەدی برای. ئۆجەلان ئەو كارەی براكەی بە "هەڵە و زۆر مەترسیدار" وەسف كردووە و دەڵێت "ئەگەر دیدارێك بكرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا بێت، نابێت بە دڵی دەوڵەت بێت".

دوێنێ 25-3-2021، محەمەد ئۆجەلان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای و ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەنجام دا، كە لەلایەن داواكاری گشتیی ڕۆحاوە ڕێكخرابوو. سەبارەت بە ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە، محەمەد ئۆجەلان قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا كردووە.

محەمەد ئۆجەلان لەبارەی چۆنێتیی ڕێكخستنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە دەڵێت "كاتژمێر شەشی ئێوارەی ٢٤ی ئەم مانگە، كەسێك تەلەفۆنی بۆ كردم و خۆی وەك بەڕێوەبەری زیندانی ئیمراڵی ناساند،. پێی وتم: لە كاتژمێر یەك و 45 خولەكی پاشنیوەڕۆی ٢٥ی مانگ لە بینای داواكاری گشتیی ڕۆحا بە تا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ براكەت قسە بكەیت".

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لە ژوورێكی نهۆمی ژێرەوەی بینای داواكاری گشتیی ڕێكخراوە و لەگەڵ لێدانی زەنگی تەلەفۆنەكە و هەڵگرتنی لەلایەن محەمەد ئۆجەلانەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "یەكسەر" وتوویەتی "چۆن هاتوویتە ئێرە؟ كێ تۆی هێناوە؟ ئەمە چۆنە؟ لەكوێوە پەیوەندی دەكەیت؟".

پاش ڕوونكردنەوەی بابەتەكە لەلایەن محەمەد ئۆجەلانەوە، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە وتوویەتی "هەم تۆ هەڵەی، هەمیش دەوڵەت. ساڵێكە هیچ دیدارێك ڕێكنەخراوە، ئەمە لە یاسای دەوڵەت و هیچ یاسایەكی دیكەش جێگەی نابێتەوە. هاتنی تۆ هەڵە و زۆر مەترسیدارە".

ئۆجەلان جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ئەگەر دیدارێك ڕێك بخرێت، پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بێت، نابێت بە دڵی خۆیان دوای ساڵێك دیدارێك بە تەلەفۆن ڕێك بخەن، ئەوەی ئێوە دەیكەن زۆر هەڵەیە، دەوڵەتیش یارییەكی هەڵە دەكات".

ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا چەند جارێك هاتنی محەمەدی برای بۆ ئەنجامدانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بە "هەڵە و مەترسیدار" ناو بردووە و وتوویەتی "هیچكات ئەم دۆخە قبووڵ ناكرێت. دەمەوێت پارێزەرانم بێنە ئێرە و دیدارم لەگەڵدا ئەنجام بدەن".

"٢٢ ساڵە لێرەم. ئەم كێشەیە تەنیا لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەكرێت. ئەگەر چاوپێكەوتنێك هەبێت پێویستە لەگەڵ پارێزەران بێت، چونكە ئەم دۆخە هەم سیاسی هەمیش یاساییە"، عەبدوڵڵا ئۆجەلان وا دەڵێت.

محەمەد ئۆجەلان باس لەوەش دەكات كە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وتووە ئامانجێكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پرسی مانگرتن لە خواردنە، ئۆجەلان لەوبارەیەوە وتوویەتی "نامەوێت كەس لەپێناو مندا بە مانگرتن لە خواردن لە زینداندا بمرێت، پێشتریش ئەمەم وتووە".


پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە "چوار بۆ پێنج خولەك" بەردەوام بووە. دەربارەی كۆتاییەكەی محەمەد ئۆجەلان دەڵێت "دەنگێك بە لاوازی هات، بە باوەڕم دەنگی سەرۆك (ئۆجەلان) بوو. وتی: ئەم دیدارە زۆر هەڵەیە، ئەمە دیداریش نییە. دوای ئەوە پەیوەندییەكە پچڕا".

نووسینگەی یاسایی سەدە دەڵێت "لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ـەوە هیچ زانیارییەك لەسەر ئۆجەلان دەست نەكەوتووە. دوا چاوپێكەوتنی دوایی ئێمە كە پارێزەرەكانمان ئەنجامیان دا، ڕۆژی ٧ی تەباخی ٢٠١٩ بوو. دواتر لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢١ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێك هەواڵ دەربارەی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان بڵاو كرانەوە. ئێمە بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی داوای چاوپێكەوتنی ڕووبەڕوومان كرد كە مافێكی یاساییە، بەڵام هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە".

پاش ئەوەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئۆجەلان داوای دیداری پارێزەرانی كرد، ئەمڕۆ جارێكی دیكە پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان داواكارییان پێشكەش بە داواكاری گشتیی كۆماری بورسا كرد بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە زیندانی ئمراڵی.

* ئەو ڕۆژەی ئۆجەلان ڕفێندرا، لە زاری عوسمانی برایەوە بۆ پەرەگراف