سوودانی هەموو شتێكی لەبارەی كێشەی مووچەوە دركاند

08-11-2025 12:30

پەرەگراف- محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پابەندی بە بەردەوامیی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەردەبڕێت و دواكەوتنی مووچەیش بۆ ڕادەستنەكردنی داهاتی نانەوتی دەگەڕێنێتەوە.

سوودانی لە كاتی بەشداری لە بەرنامەیەكی كەناڵی ڕووداو وتی "برایانی هەرێمی كوردستان داهاتە نانەوتییەكان نانێرن، ئایا ئەمە دادپەروەرییە پارێزگاكانی دیكەی عێراق داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی بكەن و هەرێم نەیكات؟".

سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی كردەوە كە كێشەی مووچە "سیاسی نییە و تەكنیكی و هونەرییە". هەروەها تۆمەتباركردنی بەوەی كە لەبەر بەدەستهێنانی دەنگی شەقامی عێراقی مووچە نانێرێت، ڕەت كردەوە و وتی "شەقامی عێراقی زۆر بە خەمی خەڵكی هەرێمەوەیە و زۆر هۆشیارە".

محەمەد شیاع سوودانی جەختی لە بەردەوامیی ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان كردەوە تا كۆتایی ساڵ، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، بەڵام هیچ قسەیەكی لەبارەی مووچە دواكەوتووەكانەوە نەكرد.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی كە كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان هەرێم و بەغدادە، سوودانی ئاماژەی بە پەنابردن بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت كرد و وتی "ئەنجوومەنەكە دیاریی كردووە كە كامە باج و ڕسومات پشكی داهاتی پارێزگاكانی هەرێم و كامە پشكی خەزێنەی فیدراڵییە".

"پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا، وتم كێشەی مووچە بە هیچ شێوەیەك سیاسی نییە، تەكنیكییە. دواتر وتمان چۆن كێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر بكەین؟ وتمان با ڕوو بكەینە ئەنجوومەنی دەوڵەت. ئەنجوومەنەكە وەڵامی داینەوە، بەڵام برایان لە هەرێم تا ئێستا بە وەڵامەكە ڕازی نەبوون و لێكدانەوەی دیكەیان هەیە"، سەرۆكوەزیرانی عێراق وا دەڵێت.

بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی كە لە ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵ لەنێوان هەرێم و بەغداد ئەنجام درا، دەبێت كێشەی داهاتی نانەوتی لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە یەكلا بكرایەتەوە، بەڵام دوای چەندین دانیشتن، نەگەیشتنە ڕێككەوتن.

دواتر سەرۆكوەزیرانی عێراق پرسەكەی ناردە ئەنجوومەنی دەوڵەت كە ئەنجوومەنێكی ڕاوێژكارییە. ئەنجوومەنەکە بۆچوونی لەبارەی دابەشكردنی داهاتەكان لەنێوان هەرێم و بەغداد دەربڕیوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی دەكاتەوە و پێی وایە مافی هەرێم لە داهاتی نانەوتی بەپێی دەستوور و یاسا لەوە زیاترە كە ئەنجوومەنی دەوڵەت و حكومەتی فیدراڵ دەیڵێن.