دادگای پێداچوونەوە داوای پەڕاوی لێكۆڵینەوەی دۆسیەی لالەزار دەكات؛ چ پێشێلكارییەكی یاسای كراوە؟
پەرەگراف
لەسەر داوای دەستەی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و دستگیركراوانی لالەزار، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوای لە دادگای لێكۆڵینەوە ئاسایشی سلێمانی كرد "گشت پەڕاوی لێكۆڵینەوە"ـی ئەو دەستگیركراوانەیان بۆ بنێرێت.
داواكارییەكەی دادگای پێداچوونەوە پاش ئەوە هات كە ١٢ پارێزەری دەستگیركراوانی لالەزار نووسراوێكی چوار خاڵییان ئاراستەی دادگاكە كردووە، تێیدا باس لە "پێشێلكاریی یاسایی" لە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی دەستگیركراوەكان دەكەن و داوا لە دادگای پێداچوونەوە دەكەن "دەستوەردان دژی بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش بكات".
پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار لەگەڵ خستنەڕووی چوار خاڵ كە بە "پێشێلكردنی یاسا"ـی دەزانن، ڕوو لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەڵێن "داوا لە بەڕێزتان دەكەین دەستێوەردان لە دۆسیەكەدا بكەن، بڕیارەكانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش كە پێچەوانەی یاسایە، هەڵبوەشێننەوە و دۆسیەكە بگەڕێننەوە سەر ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەی دروستی خۆی".
دەستەی سزایی لە سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ٢٣-١٠-٢٠٢٥ نووسراوێكی ئاراستەی دادگای لێكۆڵینەوەى ئاسایشی سلێمانی كردووە و تێیدا هاتووە "گشت پەڕاوی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە تۆمەتباران (لاهوور شێخ جەنگی، برایان ویڵسن، دڵشاد عەبدوڵڵا حەمە، شرام ڕەفیق، پۆڵاد جەنگی بورهان و هاوڕێكانی)مان بۆ بنێرن بۆ كاری پێویست".
بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆكی دەستەی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە پەرەگرافی وت "دەستوەردانی تەمیزی لە كەیسی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی و داواكردنی پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، لەسەر داوای ئێمە بووە".
كۆپییەكی داواكاریی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، دەست پەرەگراف كەوتووە. ئەو پارێزەرانە دەڵێن، چەندین داواكارییان لە ڕۆژانی ٨ و ١٤ و ٢١ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پێشكەش بە دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، بەڵام هەموو "داواكارییە یاساییەكان"یان ڕەت كراونەتەوە، ئەوەش بە "پێچەوانەی بڕگەكانی یاسا" ناو دەبەن.
یەكەم خاڵی ڕەخنەی ئەو پارێزەرانە لە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، ئەوەیە كە "لە كاتێكدا دادوەری لێكۆڵینەوە وتەی تۆمەتبارانی وەرگرتووە كە ژمارەیان زیاتر لە (١٦٠) كەسە، دادوەر بەبێ وەرگرتنی ڕای تۆمەتباران، نووسیویەتی (لە كاتی ئێستادا پارێزەرم ناوێت)".
"نووسینی ڕستەی (لە كاتی ئێستادا پارێزەرم ناوێت) بەبێ ڕێگەپێدانی تۆمەتباران، بە پێشێلكردنی ماددەی (١٣٣)ـی یاسای بنەماى دادگاییە سزاییەکانى ساڵی ١٩٧١ دادەنرێت و پاراستنی لایەنێكە لەلایەن دادوەرەوە لەسەر حسابی لایەنێكی تر"، پارێزەرەكانی دۆسیەی لالەزار وا دەڵێن.
ئەو پارێزەرانە لە خاڵێكی دیكەدا ئاماژە بەوە دەكەن كە "زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە" داوای ئامادەبوونی چوار تۆمەتباری لالەزاریان كردووە كە پێكهاتوون لە (ڕێبوار حامید غالی، كاروان ھیدایەت، ئەحمەد فاتیح مەحموود و موحسین عەبدوڵڵا ئیسماعیل)، بۆ وەرگرتنی وەكالەتنامەكانیان و واژوو یان پەنجەمۆر کردن، بەڵام "ئاسایشی سلێمانی لەسەر وەكالەتنامەكانیان نووسیویەتی (ئەوان پارێزەریان ناوێت)".
پارێزەرەكان لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە "ئەسڵی یاسا ئەوەیە كە تۆمەتبار لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت و ڕای خۆی دەرببڕێت كە پارێزەری دەوێت یان نا"، ڕایانگەیاندووە كە دووبارە داواكارییان پێشكەش بە دادوەر كردووە، بەڵام دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش "بەبێ ھۆیەكی یاسایی" ڕەتی كردووەتەوە.
یەكێك لە داواكارییەكانی دیكەی پارێزەرانی دەستگیكراوانی لالەزار ئەوە بووە كە نووسراوی جێگری داواكاری گشتی (عەبدولعەزیز ئەحمەد هاوپێچی دۆسیەی لێكۆڵینەوە بكرێت، كە لەو نووسراوەدا جێگری داواكاری گشتی داوای لێكۆڵینەوەی كردووە لە "چۆنیەتی ڕۆیشتنی سەرۆكی حزب بە هێزی حزبی و ھێرشكردنە سەر حزبێكی تر"، بەڵام دادوەری لێكۆڵینەوە ئەوەی ئاسایش ئەو داواكارییەشی ڕەت كردووەتەوە.
پارێزەرەكان دەڵێن "ڕەتكردنەوەكە پێچەوانەی یاسایە، چونكە بەپێی یاسای بنەماى دادگاییە سزاییەکان، دەبێت دادوەری لێكۆڵینەوە هەموو بەڵگە پەیوەندیدارەكان بە بابەتەكە كۆ بكاتەوە".
پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار داوایشیان كردووە كە دۆسیەكە لە ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ پۆلیس بگوازرێتەوە، چونكە وەكوو ئەوان دەڵێن "ئاسایشی سلێمانی لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندایە". ئەو پارێزەرانە دەڵێن "بەڕێوەبەری ئاسایش، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانییە، هەموو بەرپرسانی بەشەكانی ئاسایشی سلێمانی پلەی حزبییان هەیە".
دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش ئەو داواكارییەشی ڕەت كردووەتەوە. پارێزەرەكان لە نووسراوی داواكارییەكەیاندا بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەپرسن "چۆن دەكرێت دامەزراوەیەك لێكۆڵینەوە لە دۆسیەیەكدا بكات كە خۆی لایەنێكی دۆسیەكەیە و بەڕێوەبەرایەتی و كارمەندەكانی پەیوەندیی حزبییان هەیە كە حزبەكەیان لایەنێكی دۆسیەكەیە؟".