پەرەگراف- پارێزەری دۆسیەی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند ڕایگەیاند، لە دۆسیەی تەقەکردن لە هێمن مامەند ٧ تۆمەتبار هەن کە سێ تۆمەتباریان دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون، چوار تۆمەتباری دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیەو سیانیان زێرەڤانین.
پارێزەر رێزان شێخ دلێر وتیشی، ماددەی یاسایی دۆسیەکە پلانگێڕییە بۆ کوشتن، ئەوان وەک پارێزەران داوایان کردووە ماددە یاساییەکەی بگۆڕێت بۆ یاسای تیرۆر.
پارێزەرەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، دوو تۆمەتباری سەرەكی هەیە لە تاوانەكەدا هەن، "لە كەمتر لە ٦ کاتژمێردا لە ڕێگای كەلارەوە سلێمانییان جێهێشتووە".
لە سلێمانییەوە نوسراو كراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەو ئاسایشی گشتی هەرێم لە هەولێر کە تۆمەتباران دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، هێمن مامەند دەستی تۆمەتی بۆ پارتی درێژکردو وتی "دۆسیەکە ڕۆژنامەنووسییەو پەیوەندی بە بیروڕای ئازادەوە هەیەو داوا دەکەم چاوپۆشی لێ نەکرێت".
كاتژمێر 07:20 خولەكی شەوی 02-09-2025، لە گەڕەكی عەقاریی شاری سلێمانی، تەقە لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی (هێمن مامەند) كرا و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی شار گوازرایەوە.
دواتر دەركەوت دوو فیشەك بەر قۆڵ و كەمەری ئەو ڕۆژنامەنووسە كەوتووە، بەڵام مەترسیی گەورەی لەسەر ژیانی دروست نەكرد و ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە
ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند وەكوو پێشكەشكار لە کەناڵی ستێرك تیڤی كار دەكات.