پەرەگراف- ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی ڕووسیا، مەدالیای پووشكینـی بە پڕۆفیسۆر ڕەشاد میران بەخشی. ئەمە یەكەم جارە نووسەر و لێكۆڵەرێكی كورد ئەو خەڵاتە وەردەگرێت.
خەڵاتەكە ڕۆژی سێشەممە 04-11-2025 لە مەراسمێكی تایبەتدا لە كۆشكی كرملین كە هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی یەكگرتوویی نیشتمانی، بەو كەسایەتییە كوردەی هەرێمی كوردستان بەخشرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتەكەی لەو پڕۆفیسۆرە كوردە كرد و دەڵێت "كار و ڕەنجی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران وەك پسپۆڕێكی كۆمەڵناسیی كوردی و زانایەكی ئێتنۆگراف، لە برەودان بە پەیوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ كورد بەتایبەتی لە بوارەكانی كولتوور، زمان، ئەدەب و مێژوو، مایەی دەستخۆشی و پێزانینە".
خەڵاتی پووشكین كە بە ناوی شاعیری ناوداری ڕووسی (ئەلێكساندەر پووشكین)ـەوە ناو نراوە، لە ساڵی 1999ـەوە ساڵانە بە كەسایەتییەك دەبەخشرێت كە لە بوارەكانی كولتووری، هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەكاندا بەشداریی كاریگەری لە لێكۆڵینەوە، پاراستن و ناساندنی كولتووری ڕووسیادا هەبووە.
پ. د ڕەشاد میران لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی پووشكین لە وتەیەكی كورتدا خۆشحاڵیی خۆی بە وەرگرتنی خەڵاتەكە دەربڕی و وتی "شانازی دەكەم كە هەوڵ و هاوكارییەكانم وەكوو زانایەكی ئەتنۆگراف، لە فیدراسیۆنی ڕووسیا بە گرنگ و بەرز نرخێندراوە".
ئەو پرۆفیسۆرە كوردە وتیشی "لەنێوان كوردستان و فیدراسیۆنی ڕووسیادا پەیوەندییەكی درێژخایەن و پتەو هەیە. منیش لای خۆمەوە هەمیشە پشتیوانیی ئەو پەیوەندییانەم كردووە و بەشداریی خۆم لە دۆستایەتیی هەردوو لادا نیشان داوە".
پڕۆفیسۆر ڕەشاد میران داوای لە سەرۆكی ڕووسیا كرد كە "زیاتر كتێب، گۆڤار و ڕۆژنامەی ڕووسی زمان، بەتایبەت ئەوانەی دەربارەی كورد و كلتووری كوردە"، بگاتە دەستیان.