مەسروور بارزانی: لەبەر پۆست و ئیمتیازی شەخسی نەیانهێشتووە حكومەت پێك بێت

02-11-2025 04:12

پەرەگراف

مەسروور بارزانی وەڵامێكی توندی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە و دەڵێت "ئازادی ئەوە نییە بە تۆپ و تانك بچیتە سەر هۆتێلێك یان ئۆپۆزسیۆنی خۆت". دەربارەی پێكهێنانی حكومەتیش، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "لەبەر پۆست و ئیمتیازی شەخسی نەیانهێشتووە حكومەت پێك بێت".

لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە شەقڵاوە، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، وتی "ئێمە نمانویستووە قسە لەسەر ئەوە بكەین كە بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكوو ئێستا پێكنەهاتووە، بەڵام خۆیان دەڵێن كە ئێمە نەمانهێشتووە. ئایا ڕێگریكردن لە پێكهێنانی حكومەت دەستكەوتە؟".

سەبارەت بە هۆكاری پێكنەهێنانی حكومەت، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "ئەو لایەنانەی كە دەڵێن ڕێگریمان لە پێكهێنانی حكومەت كرد، ئەوانە بوون كە داوای پۆست دەكەن. لەبەر پۆست و ئیمتیازی شەخسی نەیانهێشتووە حكومەت پێك بێت".

جێگری سەرۆكی پارتی وتیشی "پارتی جەختی لە یەك حكومەت، یەك لەشكر، یەك پەرلەمان كردووەتەوە كە ئەمە فەرمانی سەرۆكە. پارتی بە هیچ جۆرێك ئامادە نییە پێكهێنانی حكومەت بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكار بێت".

"پارتی تا ئێستا پشووی درێژە بووە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستانی لەبەرچاو بووە، بەڵام هەر كاتێك پارتی هەست بكات بەرژەوەندیی خەڵك لە پێكهێنانی حكومەتدایە، دەتوانێت حكومەت پێك بهێنێت"، مەسروور بارزانی وای وت.

سەبارەت بە قسەكانی بافڵ تاڵەبانییش دەربارەی نەبوونی ئازادی لە هەولێر، مەسروور بارزانی وتی "ئەوانەی باسی ئازادی دەكەن، دەبێت خۆیان ئازاد بن و بەكرێگیراو نەبن. ئازادی ئەوەیە بۆ مافی نەتەوە و خاك تێبكۆشیت، ئازادی ئەوە نییە بە تۆپ و تانك بچیتە سەر هۆتێلێك یان ئۆپۆزسیۆنی خۆت".

نوێ دەكرێتەوە...