کۆمیسیۆن ٩٨%ـى ئامادەکارییەکانى بۆ هەڵبژاردن تەواو کردووە و دەڵێت: ساختەکارى ناکرێت
پەرەگراف
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت "٩٨%ـى ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردن تەواو کردووە. ئامێرەکانى هەڵبژاردن گەیشتوونەتە ئۆفیسەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و پشکنینیشیان بۆ کراوە، وەرەقەى دەنگدانیش گەیشتووە". کۆمیسیۆن ٦ـى ئەم مانگە قوتابخانەکان وەردەگرێت و دەست دەکات بە گواستنەوەى ئامێرەکانى هەڵبژاردن بۆ ناو بنکەکانى دەنگدان و لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدان تەواو دەکرێن.
نەبەرد عومەر، بەرپرسى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر کە کێشەى سەرەکیى هەڵبژاردنى پێشوو بوو، لە ڕێگەى دانانى ئامێرى خوێندنەوەى دەموچاوەوە چارەسەرمان کردووە".
"دڵنیایى دەدەین کە ساختەکارى ئەنجام نادرێت. دواى ئەوەى کاتژمێر ٠٦:٠٠ـى ئێوارە هەڵبژاردن تەواو بوو و ئەنجامى ئەلیکترۆنیى دەنگدان دەرچوو، جارێکى دیکە بۆ دڵنیایى هەموو وەرەقەکانى دەنگدان بە بەرچاوى لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانەوە جیادەکرێنەوە"، نەبەرد عومەر واى وت.
لە هەڵبژاردنەکانى پێشوودا تەنیا بەکارهێنانى مۆبایل قەدەغە کرابوو، بەڵام ئەمجارە کۆمیسیۆن بردنە ژوورەوەیشى بۆ بنکەکانى دەنگدان قەدەغە کردووە و داوا لە هاووڵاتیانى کوردستان دەکات "بە هیچ شێوەیەک مۆبایل لەگەڵ خۆیان نەبەنە ناو بنکەکانى دەنگدان".
ئەو بەرپرسەى کۆمیسیۆن ڕایشیگەیاند "بە هیچ شێوەیەک قەدەغەیەکى هاتووچۆ لەنێوان شارەکان و لە فڕۆکەخانەکانیش لە ڕۆژى هەڵبژاردندا ڕاناگەیەندرێت".
ئەمڕۆ دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کونسووڵ و نێردەى وڵاتان لە هەولێر کۆبووەوە بۆ پێدانى ڕوونکردنەوە لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەڵبژاردنى پێشوو. نەبەرد عومەر دەڵێت "نزیکەى ١٠ ڕێکخراوى نێودەوڵەتى و کونسووڵگەرى خۆیان بۆ چاودێریى هەڵبژاردن تۆمار کردووە، لە دوو ڕۆژى داهاتوودا ئەوانەى دیکەیش خۆیان تۆمار دەکەن".
لە کۆى ٣٨٨ هەزار کارتى دەنگدان کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەرهێنراون و نوێکراونەتەوە، ٣٢٣ هەزاریان لەلایەن دەنگدەرانەوە وەرگیراونەتەوە و تەنیا ٦٥ هەزاریان ماون، کە ٤١ هەزاریان سبەینێ دەگەنەوە بنکەکانى کۆمیسیۆن و کۆمیسیۆن دەڵێت "تا ٠٥-١١-٢٠٢٥ کارتەکانى دەنگدان دابەش دەکرێن و پێوستە هاووڵاتیان تا ئەو کاتە کارتەکانیان وەربگرنەوە".
وەکوو کۆمیسیۆن دەڵێت "لایەنە سیاسییەکان بانگەشە بەشێوەیەکى سەردەمییانە دەکەن و لە هەرسێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان تەنیا هەشت سەرپێچى کراوە".