نزیکەی 420 هەزار کەس سەردانی فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجەیان کرد

01-11-2025 05:41

پەرەگراف

گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، 419 هەزارو 700 گەشتیارو سەردانکار سەردانی فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجەیان کرد.

فیستیڤاڵەکە ئەمڕۆ سێیەم و کۆتا ڕۆژی بوو، چیا قاسم بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند "81 هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک و 204 پاس و 720 مینی پاس و 55 مەنشەئەی گەشتیاری لەگەڵ 4900 ماتۆڕ داخڵی هەڵەبجە بوون".

بە وتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لەسەدا 35 بۆ 40ی گەشتیاران لەگەڵ سەردانی فیستیڤاڵەکە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیشیان کردووە.

هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە فیستیڤاڵەکەدا بایی ملیارێک و 700 ملیۆن دینار هەنارو خواردن و بەرهەمی کشتوکاڵی و کاری دەستی فرۆشراون.

هەروەها لە 700 کەپرو ستاندو یەکەی جۆراوجۆری فرۆشتندا فیستیڤاڵەکە هەلی کارو شتفرۆشتنی بۆ 210 کەس ڕاستەوخۆو زیاتر لە 3 هەزار کەس ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە.