ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠٠ کۆچبەری کورد لە لیبیاو تونسەوە گەڕێندراونەتەوە هەرێم

01-11-2025 02:00

پەرەگراف- تەرمی ئەو کۆچبەرە کوردەی لە لیبیا "بە جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستدابوو گەڕێندرایەوە دەڤەری راپەڕین و ئەمڕۆ بە خاک سپێردرا. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت: ئەم ساڵ زیاتر لە 400 کۆچبەر لە زیندانەکانی لیبیا و تونسەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هۆگر ئاسۆ، ئەو کۆچبەرە بوو کە 16ـی مانگی ڕابردوو لە لیبیا گیانی لەدەستدا، لەسەر ئەرکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردبوو ئامانجیان گەیشتن بە ئەوروپا بوو بە ڕێی قاچاخ لە لیبیاوە، 41 کۆچبە بوون کە 40ـیان 25-١٠-٢٠٢٥ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە گەڕێندرانەوە.

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 319 کۆچبەر کە لە لیبیا گیریانخواردبوو، هەروەها ٨٥ کۆچبەری دیکەش دیکەش کە لە توونس بوون، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە.

''هێشتا 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە زیندانەکانی لیبیادان، نزیکەی 20 کەس لە توونس، 7 کەس لە بولگاریا، دوو کەس لە ئەرمینیا و کەسێکیش لە سربیا گیریان خواردووە '' سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا وای وت.

بەکر عەلی ئاماژەی بە تەرمی کۆچبەرێکیش کرد کە مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانی لەدەستداوە، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، ڕێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرەو ئەو کەسانەی دیکەش بگرێتەبەر کە لەو وڵاتانە گیریان خواردووە.