بافڵ تاڵەبانی: نابینە بەشێك لە حكومەتێكی لاواز کە جیاوازیی بکات لە نێوان شارەکانی هەرێم

30-10-2025 07:19

پەرەگراف- بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی حیزبەکەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕانیە جەختی کردەوە بەشداریی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ناکەن هەتا دڵنیانەبن کە وەک یەک خزمەتی هەموو کوردستان دەکات.

تاڵەبانی وتی، گوێ‌ لە داواكاری خەڵكی كوردستان دەگرن و جێبەجێی دەكەن، "نابینە بەشێك لە حكومەتێكی لاواز لە هەرێم، هەروەها نابینە بەشێك لە حكومەتێك قوتی خەڵك ببڕێت بۆ پێكهێنانی گروپی چەكدار بۆ کەسێک".

سەرۆکی یەکێتی داوای کرد دەنگ بە حیزبەکەی بدرێت و وتی "بەدەنگ و هێزی ئێوەوە دەچینە بەغداد و شەڕی مافە دەستورییەكان دەكەین بە رێگەی دیپلۆماسی نەك بە دروشم، چونکە موچە و كێشە ستراتیژییەكان لە بەغداد چارەسەر دەكرێن نەك لە هەولێر"

"لە بەغداد گوێ‌ لە یەكێتی دەگیرێت، بۆیە بەغداد چۆڵناكەین و لەوێوە زۆرترین خزمەتی كوردستان دەكەین وهیچ كاتێك پشت لە خەڵك ناكەین" بافڵ تاڵەبانی وای وت.

زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام ھەرێم ھێشتا بێ حکومەتێکی نوێ و پەرلەمانێکی کارایە. بنبەستە درێژخایەنەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدایە کە دوو حیزبی دەسەڵاتدار و براوەی سەرەکی بوون لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢٤.

سەرەڕای بەدەستھێنانی کورسی پێویست پێکەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینە، دوو ڕکابەرە مێژووییەکە شکستیان ھێناوە لە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی لەسەر پۆستە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان.

لە ئەنجامدا، کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکنەھاتووە و پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنەکانی دەستپێبکاتەوە لەدوای یەکەمین دانیشتنی لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو.