پشتێنەی سەوزایی هەولێر؛ حەوت ملیۆن دار دەبن بە سی بۆ پاككردنەوەی هەوای شارەکە

30-10-2025 12:51
دەستپێکردنى پرۆژەى پشتێنەى سەوزایى هەولێر

پەرەگراف

پرۆژەی (پشتێنەی سەوزایی هەولێر) بە چاندنی دارزەیتونێك لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێ‌ كرد. پرۆژەكە بە درێژایی 78 كیلۆمەتری بازنەیی، هەولێر لەباوەش دەگرێت. حەوت ملیۆن دار و 11 پۆند و چوار پارك و ژمارەیەك ناوچەی ساغكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لەخۆ دەگرێت.

لە كاتی دەستپێكردنی نەمامناشتن لە پرۆژەكەدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەكەی بە "سی"یەك وەسف كرد بۆ پاككردنەوەی هەوای هەولێر و وتی "كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەشوهەوای هەولێر دەبێت".

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەكەدا وتی "پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بەشێكی گرنگی ماستەرپلانی شاری هەولێرە، كە بە ماستەرپلانی 2050 ناسراوە. دووریی پشتێنەكە لە شاری هەولێرەوە نزیكەی 12 كیلۆمەترە، هەروەها 1.5 تا 2.8 كیلۆمەتر لە شەقامی بازنەیی 150 كیلۆمەترییەوە دوورە".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی "درێژیی پشتێنەی سەزایی بازنەیی هەولێر، نزیكەی 78 كیلۆمەترە، پانیی پرۆژەكە بەپێی هەڵكەوتە و تۆبۆگرافیای پرۆژەكە، لەنێوان 1.6 بۆ 2.5 كیلۆمەترە، كۆی ڕووبەری پرۆژەكە 66 هەزار و 150 دۆنمە".

پرۆژەكە لە هەشت زۆن پێك دێت. سێ‌ دەروازەی سەرەكی و چوار دەروازەی لاوەكیی هەیە. جگە لە درەخت و سەوزایی، 11 پۆندی ئاو، چوار پاركی گەورەی حەوانەوە، 23 وێستگەی پاس كە پشتێنەی سەوزایی بە ناوەندی شاری هەولێر دەبەستنەوە، چەند شوێنێك وەكوو بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەكان لەخۆ دەگرێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پرۆژەكەی بە "گرنگ و مێژوویی" بۆ ئێستای كوردستان و نەوەی داهاتوو وەسف كرد و وتیشی " ئەم پرۆژە هەلی كار بۆ گەنجان دروست دەكات".

"كاریگەریی خراپیی كەشوهەوا تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، لەسەر هەموو عێراق و بگرە لەسەر هەموو جیهانیش هەیە. ئێمە لە زۆربەی گفتوگۆكاندا، لە زۆربەی دیدارەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش، باسی ئەوەمان كردووە كە پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر زۆر بە جددی وەربگیرێ. ئەوەی كە ئێستا دەتوانین بیكەین، لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێ"، مەسروور بارزانی وای وت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد كە كاریگەرییەكانی كەشوهەوا و بەبیابانبوون، دەبێتە هۆی كۆچی خەڵك بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دیكە، لەو ڕووانگەیەشەوە داوای لە وڵاتان كرد "زیاتر یارمەتیدەری ئێمە بن، تا ئەم كێشەیە لە سەرچاوەكەیەوە چارەسەر بكەین" و وتی "ئەمە یارمەتیی خۆیشیان دەدات".